سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح رایگەیاند، پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە گرنگە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و ئاوەدانی عێراق و پێویستی هاوڵاتیان دابین دەکات.
لەمیانی بڵاوکردنەوەی تویتێکدا بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بە پەسەندکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی عێراق دا و ئاماژەی بەوە کرد کە پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە گرنگە بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و ئاوەدانی عێراق و پێویستی هاوڵاتیان دابین دەکات.
هاوکات سەرۆک کۆمار وتیشی، “جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێم، بە تایبەتیش موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە کۆتایی هێنانە بە نەهامەتی پاشەکەوتی موچە و بەهیوای گێڕانەوەی پاشەکەوتکراوی ڕابردوشیان”.
لەلایەکی دیکەوە شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای ٢٠١٩ی عێراقی پەسەندکرد و تێیدا ماددەی ١٠ی بڕگەی (ج) پەسەندکرا، کە تایبەتە بە ناردنى موچەى فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هێزى پێشمەرگەی کوردستانی عێراق.