بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم، ساماڵ عەبدولڕەحمان رایگەیاند، دەروازەکانی هەرێمی کوردستان تەنها لە رووی کارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا بە هەمان ئەو ستاف و بەرپرسانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، هەر گۆڕانکارییەک لەو بابەتەدا بکرێت دەبێت بە رەزامەندی هەردوولا بێت، ئاماژەش بەوە دەکات کە دوا مۆڵەت بۆ هەڵگرتنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان هەرێم و شارەکانی دیکەی عێراق، کۆتایی ئەم مانگەیە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی: “دوای ئەو کۆبوونەوانەی لە مانگی یازدەی ساڵی رابردوو لە نێوان نوێنەرانی هەرێم و حکوومەتی عێراق ئەنجام درا، ئێمە کۆنووسێکمان واژووکرد کە بریتیی بوو لە ٢٧ خاڵ کە سەرجەم کێشەکانمان ئاماژە پێدابوو، دواتر شاندێک لە هەرێمەوە چووە بەغدا و بە ئامادەبوونی هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم، ساماڵ عەبدولڕەحمان وتیشی: “لە خاڵە سەرەکییەکان بەبێ هیچ پێشمەرجێک بڕیاردرابوو خاڵە گومرکییەکان لاببرێت چونکە نایاسایین و دەستووری نییە، بڕیاردرابوو زمانی کوردی و عەرەبی لە هەموو بەڵگەنامەک گومرکییەکان بنووسرێت، چاوخشاندنەوە بکرێت بە یاسای گومرک و هەموو ئەو یاسایانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەرکراون و نوێنەرانی هەرێم و بەغدا بەیەکەوە لە دەرکردنیان بەشدارنەبوون جارێکی دیکە چاوخشاندنەوەی بۆ بکرێت و کار بەیاسای وەبەرهێنانی هەرێم و بەغدا بکرێت، شێوازی کارکردن لە داهاتوودا چۆن کار بکەین”.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم راشیدەگەیەنێت کە ئەو ئەم خاڵە گومرکییانە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانراوە و دەڵێت “پێشووتر روونمان کردووەتەوە کە ناکرێت لە نێوان دوو شاری یەک وڵات خاڵی گومرک هەبێت و دەبێت بە زووترین کات ئەو هەڵە نایاساییەی کراوە، راست بکرێتەوە، هەروەها بڕیاری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٩ی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێ دەرچووە و بڕیاردراوە خاڵە گومرکییەکان لاببرێت و دەبوو لەماوەی یەک مانگدا راستەوخۆ جێبەجێکرابووایە و بەو پێیەش دوا مۆڵەت کۆتایی ئەم مانگەیە”.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم، ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی لەوەشکرد کە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان پابەندکراون کە سەربە حکوومەتی عێراق بن و لەمبارەیەوە وتی: “هەر بەپێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران کە دەرچووە، دەروازەکانی هەرێم پابەندکراون لە رووی کارگێڕییەوە سەربە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بن، بەڵام لە بڕیارەکەدا رێگادراوە کە جارێکی دیکەش پێداچوونەوە بکرێت، چونکە کاتی خۆیشی ئێمە تێبیینمان هەبوو لەسەر ئەو بڕیارە، خۆیشیان باوەڕیان وایە کە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە”.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی گوایا کارمەندانی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەگوازرێنەوە بۆ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوان بەڕێوەی دەبەن، ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی: “دەروازەکانی هەرێمی کوردستان تەنها لە رووی کارگێڕییەوە دەخرێنە سەر بەغدا بە هەمان ئەو ستاف و بەرپرسانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، هەر گۆڕانکارییەک لەو بابەتەدا بکرێت دەبێت بە رەزامەندی هەردوولا بێت و تەنها باسی بابەتی کارگێڕی کراوە و باسی بابەتی ئەمنیی نەکراوە”.
هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و چوار دەروازەی فەرمیی هەیە، دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و بازرگانی بەکاردێن، هەروەها دەروازە فەرمییەکانیش تەنها بۆ کاری بازرگانی بەکاردێن و ئەم بڕیارە تەنها دەروازە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە دەروازە فەرمییەکان هەر سەربە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبن.
دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، رێگاکانی ھەرێمی کوردستان بە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە پچڕان و مەرجی حکوومەتی عیراقیش بۆ کردنەوەی ئەو رێگایانە دانانی گومرک بوو لەسەر رێگاکانی نێوان ھەولێر-کەرکووک و دھۆک-مووسڵ.
دانانی ئەو خاڵە گومرکییانە، نیگەرانی لای بازرگانان و ھاووڵاتییانی دروستکرد و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە ھەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر چەند خاڵێک رێکبکەون بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بە شێوەیەکی ھاوبەش کارەکانی گومرک بەڕێوەببەن.