ئاژانسى رۆیته‌رز ئاشكراى كردووه، له 20 رۆژى رابردوودا عێراق ژماره‌ی پێوانه‌ى له هه‌نارده‌كردنى نه‌وت تۆماركردووه، سێ ملیۆن و شه‌ش هه‌زار به‌رمیلى هه‌نارده‌كردووه، ئه‌مه‌ش گومان له‌باره‌ى پابه‌ندبوونى ده‌كات به‌و رێككه‌وتنه‌ى كه له رێكخراوى ئۆتۆپیك بۆ دابه‌زینى ئاستى به‌رهه‌مهێنان ئه‌نجام دراوه.
به‌پێى راپۆرتێك كه ئه‌مڕۆ له ئاژانسى رۆیته‌رز دابه‌زیوه، نه‌وتى باشوورى عێراق له‌م مانگه‌دا ژماره‌ی پێوانه‌یى تۆماركردووه، به‌شێوه‌یه‌ك ته‌نیا له بیست رۆژى رابردوودا زیاتر له سێ ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار به‌رمیلى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه كردووه، ئه‌مه‌ش به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ مانگى رابردوو زۆر زیاتره، چونكه له ته‌واوى مانگى رابردوو كانوونى یه‌كه‌م/ دێسبهر هه‌نارده‌ى نه‌وتى باشوورى عێراق سێ ملیۆن و 630 هه‌زار به‌رمیل بوو، كه‌چى ئێسته ته‌نیا به 20 رۆژ ئه‌و بڕه هه‌نارده كراوه.
رۆیته‌رز نووسیویه‌تى “ناردنى ئه‌و بڕه نه‌وته گومان دروست ده‌كات چونكه عێراق دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وته له ئۆپیك كه رێككه‌وتنى دابه‌زینى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت جێبه‌جێ ده‌كات”.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ده‌ڵێ “ئه‌م ژماره‌یه‌ى هه‌ناردنى نه‌وتى عێراق ده‌رى ده‌خات كه تا ئێسته هیچ ئاماژه‌یه‌ك له عێراق نییه، تا ئاستى نه‌وت نزم بكاته‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه وڵاتانى ئه‌ندام له ئۆپیك و هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌نجامیان داوه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى به‌رهه‌مهێنان به بڕى ملیۆنێك و 200 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا بۆئه‌وه‌ى پاڵپشتى بازاڕ بكرێت”.
له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه سامر غه‌زبانى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق راى گه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى له‌نیوه‌ى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 ده‌ست ده‌كات به‌كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاستى به‌رهه‌مێنانى نه‌وت، بۆئه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئۆپیك جێبه‌جێ بكات، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ش عێراق ده‌بێت رۆژانه 141 هه‌زار به‌رمیل كه‌م بكاته‌وه.
رۆیته‌رز ئه‌وه بیر خوێنه‌رى ده‌هێنێته‌وه، عێراق له‌ساڵى 2017یش كاتێك رێكه‌وتنه‌كه‌ى ئۆپیك ئه‌نجام درا، دوودڵ بوو له پابه‌ندبوونى به رێككه‌وتنه‌كه‌وه.