هێڵی ئاسمانی عێراقی بەزمانی كوردی ڕێنمایی بەسەرنشینان دەدات

بەڕێوەبەری كۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی عێراقی ڕایدەگەیەنێت: بڕیار دراوە لەكاتی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراقەوە لەگەڵ زمانی عەرەبی بە زمانی كوردیش رێنمایی بە سەرنشینان بدەن. 

بەگوێرەی هەواڵی بەشێك لە میدیاكانی عێراق، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ عەباس ناسر بەڕێوەبەری كۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی عێراقی كۆبونەتەوەو دواتر ڕایانگەیاندووە: بڕیار دراوە لەكاتی گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراقەوە هاوشێوەی زمانی عەرەبی بە زمانی كوردیش ڕێنمایی بە سەرنشینان بدرێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەی نێوانیاندا ئەوەش هاتووە: پێویستە پێداچونەوە بەنرخی بلیتی فرۆكەوانی لە ناوخۆدا بۆ ھەموو پارێزگاكانی عێراق بكرێت.

جێگەی ئاماژەبۆكردنە لەئێستادا كۆمپانیای ھێڵی ئاسمانی عێراقی دەیەوێت سەرجەم مەرجەكان جێبەجێ بكات بۆئەوەی بتوانێت كۆمپانیاكەیان و كەرتی فڕۆكەوانی لە عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ئەندامیەتی لە یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی IATA كە بە ئەڵقەی گەیاندنی بازرگانی دادەندرێت.