ئەو ناوێكی دیارو درەوشاوەیە لەمێژووی كوردو كوردستانداو خزمەتێكی گەورەی لەبوارەكانی خوێندنو رۆشنبیریو رۆژنامەگەریو تێكۆشانی كوردایەتی پێشكەش كردووە.
یاموڵكی ساڵی 1866 لەگهڕهكی سابونكهرانی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
لەسلێمانیو بەغداو ئەستەنبوڵ خوێندوویەتیو ساڵی 1888 كۆلیجی ئەركانی سەربازی لەئەستەنبوڵ بەپلەی نایاب تەواو كردووەو وەك ئەفسەرێك لەسوپای عوسمانی خزمەتی كردووەو دوا پلەی سەربازى میر لیواو فەرماندەی فیرقە بووە.
لەدوای بڕانەوەی جەنگی یەكەمی جیهانی، یاموڵكی سەرۆكی لیژنەی دادگای عورفی سەربازی تایبەت بەدادگایی كردنی مستەفا كەمال ئەتاتورك بووەو بەغیابی حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەركردووە.
بەڵام دوای هاتنە سەركاری ئەتاتورك ئەو وڵاتەكەی بەجێهێشتووەو لەمانگی تەموزی 1921 گەیشتۆتەوە شاری سلێمانی.
لەدوای گەیشتنەوەی بۆ شاری سلێمانی هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ خزمەتكردنی گەلەكەی، بۆ ئەو مەبەستە كۆمەڵەیەكی سیاسی و روناكبیری بەناوی كۆمەڵەی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان دروستكردو لەرۆژی 21ی تەموزی 1922 بەسەرۆكی كۆمەڵەكە هەڵبژێردرا.
ئەم كۆمەڵەیە رۆژنامەیەكی بەناوی بانگی كوردستان بەزمانەكانی كوردیو فارسیو توركی دەركردو یاموڵكی خاوهنی ئیمتیازو سەرنوسەری بوو.
لەدوای گەڕانەوەی مەلیكی كوردستان شێخ مەحمودی نەمر لە هندستانەوە بۆ كوردستان لە 30ی ئەیلولی 1922 ، مستەفا پاشاو ئەندامانی كۆمەڵەكەی پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ دەربڕی.
لەكابینەی دووەمی حكومەتی شێخدا، یاموڵكی بەوەزیری مەعاریف دانراو لەرێی ئەو وەزارەتەوە خزمەتی بەبوارەكانی خوێندنو زانستو رۆشنبیری كرد.
لەدوای تێكچونی حكومەتەكەی شێخ مەحمود چووە بەغداو لەوێ لە بواری رۆژنامەگەریدا خزمەتی كرد.
یاموڵكی خاوەنی چەندین نوسینو وتارەو نامیلكەیەكی شیعریشی بەناوی (مەتروكاتی مستەفا پاشای یاموڵكی) لەسییەكانی سەدەی رابردوودا چاپ كراوە.
بەداخەوە ئەم كەسایەتییە گەورەی كورد لە رۆژی 25ی كانونی دووەمی 1936 لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كردو لەسەر وەسێتی خۆی لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی مستەفا پاشا یاموڵكیی سیاسەتمەدارو روناكبیر.
ئەترسم ئەی وەتەن
بمرم نەبینم بەختیاریی تۆ
بنوسن بالەسەر قەبرم وەتەن
غەمگینو من غەمگین
مستەفا پاشا یاموڵكی
ئامادهكردنی: خهلیل عهبدوڵڵا