لە هەندێک وڵاتدا قاوە و لە هەندێکی دیکەشدا چا بووەتە یەکێک لە نەریتی گەلان و خاوەنی پێگەیەکی گەورەیە. بەشێوەیەک، جۆری دانانی پیاڵەی چا چەندین مانا و تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە.
کاتێک مێوانێک دێتە ماڵەکەت، لە سەرەتادا ئاو دەگێڕدرێت. دواتر راستەوخۆ چا دەخورێتەوە. دوای خواردنەوەی سێتی یەکەمی چاکان، لە شێوەی دانانی پیاڵه دەزانیت کەوا کامە میوان چای دووەمی دەوێت. یاخود نایەوێت بۆی دووبارەی بکەیتەوە.
گەر بێتوو یەکێک لە میوانەکان پیاڵەكەی بەلایەکەوە درێژکردبوو، ئەوا بە مانای ئەوە دێت کە ناوبراو دووبارە کردنەوەی ناوێت و تەنها یەک چا بەسیەتی
گەر بێتوو کەوچکی بە درێژایی لەسەر پیاڵەكە دانا، واتای ئەوە دەدات کەوا میوانەکەت تامی چاکەی پێ خۆش نەبووە
نموونەیەکی دیکە؛ هەندێک جار بە هەڵە زیاتر لە کەوچکێک لە پیاڵەی چا دادەندرێت. گەر پیاڵەکە لەبەردەم پیاوێک بێت، رووداوەکە دەبێتە گەپ و گاڵتە و پێی رادەگەیەنن کەوا دوو جار زەماوەند دەگێڕێت
هەرچەندە چا هیچ قسەی نەستەقی لەسەر نەکراوە وەکو قاوە کە دەڵێن، “فینجانێک قاوە یادگاریی ٤٠ ساڵی لەدوای خۆیدا جێدێڵێت” یاخود “دڵ نە پێویستی بە قاوەیە نە قاوەخانە، بەڵکو دڵ پێویستی بە موحەبەتە قاوە بەهانەیه” بەڵام دەتوانین بڵێین کەوا خاوەنی هەمان کەلتوورن. بۆ بەهێزکردنی بیردۆزەكەمان، دەتوانین نموونەیەکی دیکە بهێنینەوە؛ ئەو دووکانەی کەوا چای لێ دەخوورێتەوە لێرە بە چایخانە بەناوبانگە، بەڵام لە تورکیا قاوەخانەی پێدەڵێن. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کەوا چا و قاوە تەواوکەری یەکترن.
سەردەمانێک لەکاتی زەماوەند و ئاهەنگی سوننەتکردن چایچی گەڕۆک دەهێنرا. چایچییەکە دەیان قۆری ئامادە دەکرد و بەبێ وەستان بە رێگەی سینییەوە چای دابەش دەکرد. ئەم رووداوە له پرسەکانیش باو بوو.
راستە چاخواردنەوە بەردەوامە، بەڵام ئەو پەیامانەی کەوا بە پیاڵەی چا بە بەرامبەرەکەت دەدرا، ئێستا باوی نەماوە و نەریتی دابەشکردنی چا لە پرسە و مەولوودەکاندا روو لەناوچووندایە.