هه‌شت هەزار هاووڵاتی لە كوردستان لە وەرگرتنی قەرزی بچووك لەحكومەتی هەرێم سوودمەندبوون

زیاتر لە هه‌شت هەزار هاووڵاتی لەهەرێمی كوردستان لە وەرگرتنی قەرزی بچووك لەحكومەتی هەرێم سوودمەندبوون، بەڵام قەرزەكە ماوەی سێ ساڵە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیش پێیباشە دەستپێبكاتەوە.

زیاتر لە چوار ساڵ بەردەوام بوو
پڕۆژەی سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچوكەكانی لاوان لەلایەن وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەكرا، پڕۆژەكە لەمانگی ئابی 2011 دەستیپێكرد و لەرۆژی 11-1-2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستێنرا.

قۆناغەكانی پێدانی ئەو قەرزە بەرزترین ئاستی 15 ملیۆن دینار بووە، قۆناغی یەكەم بەڕێژەی 50%ی قەرزەكە دراوەو لەدوای گرێبەستەكەوە دەبوایە لەماوەی 90 رۆژدا دەستبەكاربێت، قۆناغی دووەمیش رێژەی 50%ی قەرزەكە دراوە، دوای  جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەم.

زیاتر لە 73 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرا
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچوكەكانی لاوان لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، لەلایەن وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری، سامانە سروشتییەكان پارەی تەمویلكراوی بۆ تەرخانكراوە. 

لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری بڕی 64 ملیار دیناری بەمشێوەیە بۆ تەرخانكراوە (هەولێر 21 ملیار و 760 ملیۆن، دهۆك 14 ملیار و 720 ملیۆن، سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان 27 ملیار و 520 ملیۆن).

لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیشه‌وه‌ 9 ملیار و 990 ملیۆن دینار بەمشێوەیە بۆ ته‌رخانكراوه‌، به‌مشێوه‌یه‌ (هەولێر 3 ملیار و 396 ملیۆن و 600 هەزار، دهۆك 2 ملیار و 297 ملیۆن و 700 هەزار، سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان 4 ملیار و 295 ملیۆن و 700 هەزار دینار).

هەروەها ئەو بڕە بودجەیەی كە تەرخانكراوە بەمشێوەیە بەسەر نووسینگەكاندا دابەشكراون (هەولێر 34%، دهۆك 23%، سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان 43%).

زیاتر لە 8 هەزار كەس لێی سوودمەند بوون
هەر بەپێی ئامارەكە 8 هەزار و 136 كەس لەو پڕۆژەیە سوودمەندبوون، لەوەش 6 هەزار و 938 كەسیان لەڕەگەزی نێر و هەزار و 198 كەسیشیان لەڕەگەزی مێینە بوون، هەر لەو كەسانەی قەرزەكەیان وەرگرتووە 5 هەزار و 288 كەسیان بۆ پڕۆژەی تازە بووە كە دایبمەزرێنن، 2 هەزار و 848 كەسیشیان بۆ فراوانكردنی پڕۆژەكانیان بووە.

لەئامارەكەدا جۆری پڕۆژەكانیش بەمشێوەیە خراوەتەڕوو (بازرگانی 3 هەزار و 654، پیشەسازی هەزار و 315، خزمەتگوزاری 2 هەزار و 524، كشتوكاڵ 592، گەشتیاری 20، هیتر 31).

نزیكەی 34 ملیار دینار گەڕاوەتەوە
ئارام گەردی، بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچوكەكانی لاوان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم رایگه‌یاند: “لەڕۆژی 3-4-2016ەوە ساڵانە وەرگرتنەوەی پارە لەسوودمەندان راگیراوەو ئەمساڵیش ئەو راگرتنە تا رۆژی 3-4-2019 بەردەوام دەبێت”.

گەردی ئاشكرایكرد: لەساڵی 2018 دوو ملیار و 185 ملیۆن دینار بۆ حكومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە، هەرچەندە ئەوان سێ ساڵە وەرگرتنەوەشیان راگرتووە، بەڵام خەڵك ئارەزوومەندانە قەرزەكەیان دەگێڕنەوە، واتا کۆی گشتی پارەی گەڕاوە بۆ حکومەت  34 ملیار و 548 ملیۆن دینا بووە.

داوای دەستپێكردنەوەی دەكەن
ئێستا هەرێمی كوردستان لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بەوتەی بەرپرسانی سەرجەم لایەنەكانی بەشداربووی پەرلەمانی كوردستان، مەبەستیانە حكومەتی نوێ خزمەتی زیاتری خەڵكی كوردستان بكات.

ئارام گەردی ده‌ڵێت: “پێمانباشە پێدانەوەی قەرز بەگەنجان و هاووڵاتیان  هەر بەردەوام بێت، چونكە دەتوانن سوودی لێ ببینن و دەبنە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان”.

10 ملیۆن دیناری وەرگرتووە
ئەریڤان دەروێش كاسبكارێكی دانیشتووی شارۆچكەی چەمچەماڵە و بڕی 10 ملیۆن دیناری وه‌ك قه‌رز له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وەرگرتووەو كردوویەتی بە دوكانی فرۆشتنی بابەتی وشكە، ئەریڤان پێشتر ساڵانە دووجار پارەكەی بە حكومەت داوەتەوە هەر جارێك 910 هەزار دینار، ئێستاش نزیكەی شەش ملیۆن دیناری لا ماوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێدانەوەی قەرزەكەی راگرتووە.

ئەو خاوەنكارە بەوتەی خۆی، “سوودی زۆری لەو قەرزە وەرگرتووەو توانیویەتی دوكانەكەی پێ ببوژێنێتەوە، بۆیە داواكارە حكومەتی هەرێم لە پێدانی ئەو قەرزە بەردەوام بێت”.

قەیرانی دارایی زیانی پێگەیاند
محەمەد سڵێمان كاسبكارێكی دیكەیە و لە ناحیەی چوارقوڕنەی سنوری ئیدارەی راپەڕین نیشتەجێیە و بڕی 12 ملیۆن دیناری بۆ فراوانكردنی دوكانی پۆشاك وەرگرتووە، ئەو ده‌ڵێت: “تائێستا نزیكەی 8 ملیۆن دینارم بە حكومەت داوەتەوە، هەر جارێكیش یه‌ك ملیۆن 90 هەزار دینارم داوه‌ته‌وه‌”.

ئەو كاسبكارە وەرگرتنی قەرزەكەی بەلاوە باشە، بەڵام گرفتی سەرەكی بەلایەوە هاتنە پێشەوەی قەیرانی داراییە و وتی: “بەهۆی قەیرانەكەوە زیانم كرد، چونكە كارەكە رووی لەكزبوون كرد، بۆیە ئەگەر قەیرانی دارایی نەمێنێت و ئەو قەرزەش بمێنێت كارێكی باشە”.

پسپۆران: گەنجان دەبنە خاوەن ئابوری خۆیان
د.خالید حەیدەر، مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی لە لێدوانێكدا  رایگەیاند: پێدانی قەرزی بچووك بنەمایەكی زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدان لەئاستی پڕۆژەی بچووك لە كەرتی تایبەت، لە وڵاتانی دەرەوەش سەلمێنرا كە كارێكی باشە، چونكە ئەو قەرزەی دەدرا بە گەنجان وەكو هەنگاوێك هاوكار بوو بۆیان تا دەست بە پڕۆژەكانیان بكەن.

خەون دەكاتە راستی
وەرزێر بابەكر، راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: “قەرزی بچووك كە لەچەند ساڵی رابردوو دەدرا بۆ كۆمەڵێك كەس كە خاوەنی خەون بوون و دەیانویست ئامانجەكان بكەنە راستی، كارئاسانی بۆ كردن و خەونەكانیان بووە راستی، بۆیە دەستپیكردنەوەی قەرز ئەركێكی گرنگە بۆ ئەو گەنجانەی پڕۆژەی تاكە كەسییان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی زانكۆیان تەواوكردووە”.

پێشنیاری نوێ هەیە
د.خالید حەیدەر مامۆستای ئابووری پێشنیاری بۆ حكومەتی نوێی هەرێم ئەوەیە بۆ ئەوەی گەنج ببێتە خاوه‌نی ئابووری سه‌ربه‌خۆی خۆی، ئەگەر لەكابینەی نوێدا بتوانرێت ئەو قەرزە بەردەوام بێت كارێكی زۆر باشە. 

وەرزێر بابەكر راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی باس له‌وه‌ده‌كات: ئەگەر ئەمجارە قەرزەكە دەستیپێكردەوە، پێویسته‌ قەرزەكەو مانه‌وه‌شی زیاتر بێت، تاوه‌كو گەنجان بتوانن سەرچاوەی دارایی خۆیان باشتر بكەن.

دوارۆژ