ھندستان بۆ کاری بازرگانی گرنگی بە سلێمانی دەدات

بەمەبەستی بەھێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كان لەگەڵ خاوه‌نكارانی شاری سلێمانی کونسوڵی ھندستان لە ھەرێمی كوردستان، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پێشەسازی سلێمانی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠١٩/١/١٧ پێشوازیکرد لە چاندرا مۆڵی کیرن، کنسوڵی ووڵاتی ھندستان لە ھەولێر.

سیروان محەمەد ڕایگەیاند: بازرگانانی سلێمانی کاری ھاوبەشیان ھەیە لەگەڵ بازرگانانی ووڵاتی ھندستان و زۆرێک لە خۆراک و کەلوپەلی پێداویستی دیکە لەو ووڵاتەوە دەھێنن بۆشاری سلێمانی و دابەشی دەکەنەوە بەسەر عێراقدا.

ڕاشیگەیاند: پێویستە ووڵاتی ھندستان گرنگی زیاتر بەم جۆرەکارانە بدات و کارئاسانی بۆ بازرگانان بکەن و ھەوڵبدەن بازرگان و کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتی ھندستان بھێندرێنە سلێمانی و کارخانەکانیان لێرە بکەنەوە و ئێمەش پشتیوانیان دەبین.

چاندرا مۆڵی کیرن، کونسوڵی ھندستان لەهه‌رێم لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: مەبەستی سەردانەکەمان بۆ گرنگیدانە بەکاری بازرگانی لەگەڵ شاری سلێمانی، ژووری بازرگانی ھاوکارمان بێت لەوەی دەمانەوێت شاندی بازرگانی گەورە بھێنین بۆ شاری سلێمانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆببنەوە.

ڕاشیگەیاند: دەمانەوێت لەکردنەوەی پێشانگا نێودەوڵەتیەکانی سلێمانی بەشداری بکەین و بانگھێشتنامەمان بەدەستبگات تا ئێمەش کۆمپانیا گەورەکانمان ئاگادار بکەینەوەو بەشداری بکەن.

کنسوڵی ھندستان بڕیاریدا کە مانگانە ڕۆژێک تەرخان بکەن لە بینای ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پەنجەمۆری ئەو بازرگانانە وەرگرن کە لە سلێمانیەوە داوای فیزەی ئەو ووڵاتەیان کردووە تا بازرگانان نەچن بۆ ھەولێر ھەر لە سلێمانی کارەکانیان بۆ دەکرێت.