“24ی ئەم مانگە توركش ئێرلاین یەكەم گەشت بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجام دەدات”

تیمێكی كۆمپانیای توركش ئێرلاین بۆ بەدواداچوونی دوایین ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی سەردانی فڕۆكەخانەكەیان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆكەخانەكە كۆبوونەوە، بەرپرسێكی كۆمپانیاكەش دەڵێت، رۆژی 24ی ئەم مانگە یەكەم گەشتی فڕۆكەوانی كۆمپانیاكەیان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی دەست پێ دەكاتەوە.

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای توركش ئێرلاین، كۆچەر ستار لە بارەی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی وتی: “وەك بریكاری سەرەكی كۆمپانیای توركش ئێرلاین لە سلێمانی پەیوەندیمان پێوەكراوە و لەو ئامادەكارییانەی كە توركش ئێرلاین هەیەتی ئاگادار كراوینەتەوە و داوامان لێكراوە ئامادەكاری بكەین بۆ كردنەوەی گەشتەكانی توركش ئێرلاین لە رۆژی 24ی ئەم مانگە”.

كۆچەر ستار وتی: “لە ئێستادا ئێمە هەموو ئامادەكارییەكی خۆمان كردووە و چاوەڕوانی وەڵامی كۆتایی توركش ئێرلاین دەكەین كە چەند پڕۆسەیەكی كەمی ماوە و بەمزووانە وەڵامی تەواومان دەست دەكەوێت”.

لە بارەی ناوەڕۆكی سەردانی تیمێكی كۆمپانیای توركش ئێرلاین بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی و كۆبوونەوە و بەدواداچوونەكانیان لە فڕۆكەخانەكە، بەرپرسی كۆمپانیاكە لە سلێمانی لە وەڵامدا وتی: “ئەمڕۆ تیمێكی توركش ئێرلاین كە پێكهاتبوون لە بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانی توركی لە هەولێر و بەڕێوەبەری كارگۆ لە فڕۆكەخانەی هەولێر و كارمەندێكی بەشی سیكویریتی لە كۆمپانیاكە لە ئاستانبوڵ سەردانی فڕۆكەخانەی سلێمانی-یان كرد، لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆكەخانەكە كۆبوونەوەیەكی باشمان ئەنجامدا و گەشتینە ئەو ئەنجامەی كە فڕۆكەخانە ئامادەكاری خۆیانیان كردووە و خۆشحاڵی تەواوی خۆیان لەو بارەیەوە نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان، هەروەها كارمەندی سیكویریتی سەردانی چەند بەشێكی فڕۆكەخانەكەی كرد و لێكۆڵینەوەی خۆیان لە بارەی ئامادەكارییەكان كرد”.

بەرپرسی كۆمپانیاكە لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، بەرەبەیانی رۆژی 24ی ئەم مانگە یەكەم گەشتی ئاسمانی توركش ئێرلاین لە فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ ئاستانبوڵ ئەنجام دەدرێت و دواتر رۆژانە گەشتەكان بەردەوام دەبێت. 

لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی، تاهیر عەبدوڵڵا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: “ئامانجی سەردانی شاندەكە بۆ دڵنیابوون بووە لەو رێكارانەی لە فڕۆكەخانەكە هەیە لە بارەی رێكخستنەوەی گەشتەكان و سەردانی بەشەكانی فڕۆكەخانەكەیان كردووە، بڕیاریانداوە لە رۆژی 24ی ئەم مانگە گەشتەكانیان دەست پێ بكەنەوە”.

لە دوای سەپاندنی گەمارۆكانی حكوومەتی عێراق لەسەر هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 29ی ئەیلوولی 2017 حكوومەتی عێراق گەشتە نێودەوڵەتییەكانی بۆ هەردوو فڕۆكەخانەكە راگرت.

لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری 2018 حكوومەتی عێراق بڕیارەكەی هەڵپەسارد و گەشتەكان بۆ هەردوو فڕۆكەخانەكە دەستیان پێكردووە، بەڵام توركیا تەنها گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێكردەوە و بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار گەشتەكان و بەكارهێنانی ئاسمانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی رابگرێت.

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی، تاهیر عەبدوڵڵا پێش چەند رۆژێك رایگەیاند، بە هۆی وەستانی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی زیانی گەورەیان كردووە و لەسەدا 36ی گەشتەكانی فڕۆكەخانەكە كەمی كردووە، بەمهۆیەشەوە فڕۆكەخانەكە رۆژانە 15 هەزار دۆلار زیان دەكات و لە میانی ساڵی 2018دا، پێنج ملیۆن و 400 ھەزار دۆلار زیانی كردووە.