لە شاری سلێمانی رێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم بەڕیوەچوو

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە وەكالەت و هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی حكومی شارەكە، سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی كرایەوە.

رەحمان عەلی، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم رایگەیاند، سەنتەرەكە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەردی بناغەی دانراوە و توانای لەخۆگرتنی 100 منداڵی ئۆتیزمی هەیە و كار دەكات بۆ راهێنانی ئەو منداڵانە و هۆشیاركردنەوەی خێزانەكان لە بارەی ئۆتیزمەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم باسی لەوەش كرد کە لە هەرێمی كوردستان ئامارێكی دروست نییە لەسەر ژمارەی منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم، بەڵام ئەوەی هەیە باس لە بوونی زیاتر لە سێ‌ هەزار منداڵ دەكرێت كە نزیكەی ٨٠٠ منداڵیان دەكەونە سنووری سلێمانی و رێژەی ئەو منداڵانەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

لە لای خۆیەوە رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە وەكالەت لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی، “ئەم سەنتەرە سەنتەرێكی تایبەتە و لە شارەكانی تری عێراقیش هاوشێوەی نییە، پلانێكی تۆكمەمان بۆ داناوە تاوەكو پزیشكی پسپۆڕ و توێژەری كۆمەڵایەتی تەواویان بۆ دابین بكەین تاوەكو بتوانن بە دوو شەفت دەوام بكەن و زۆرترین منداڵانی توشبوو سوودی لێوەرگرن”.

رێكەوت حەمەڕەشید لە بارەی دامەزراندنی كارمەندی نوێ‌ دوا و وتی، “تا ئێستا چەندین داواكاریمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە بۆ دامەزراندنی نوێ و لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ پزیشكیان بۆ دامەزراندین، ئێستاش پێویستمان بە دامەزراندنی چەندین پزیشكی تری ددان و دەرمانساز و پەرستار هەیە، بەڵام ئەولەویەتی كاری حكوومەت لەئێستادا لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانە”.

هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، هەڵمەتێكی گەورەیان دەستپێكردووە بۆ خزمەتكردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەنێویاندا منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم، بۆ ئەم سەنتەرەش لەسەر ئەركی پارێزگا، هاوکات ٣٢ توێژەری كۆمەڵایەتییان داناوە و تاوەكو شەش مانگ پارەی بەخششی مانگانەیان دەگرنە ئەستۆ.