بازاڕەکانى عێراق پشکى شێریان هەیە لە هاوردەکردن و ساغکردنەوەى کاڵا و بەرهەمى ئێرانیدا و سەرچاوەیەکیش ئاشکراى دەکات هەفتەى داهاتو بۆ تاوتوێکرنى دۆسیەى ئابورى و سیاسى وەزیرى دەرەوەى ئێران سەردانى عێراق دەکات.
حەمید حسێنى، سەرۆکى ژورى بازرگانیى هاوبەشى (ئێران – عێراق) بە ئاژانسى هەواڵى (ئیرنا)ى راگەیاندوە؛ بازاڕەکانى عێراق لە ریزبەندى یەکەمدان بۆ هەناردەکردنى کاڵاى ئێرانیى و وتویەتى؛ پەیوەندیی رۆشنبیرى و کەلتورى و ئاینى و سیاسى هاوبەشى نێوان هەردو وڵات وایکردوە خواستى عێراقییەکان لەسەر کاڵا و بەرهەمە ئێرانییەکان زیاد ببێت”
ئاماژەى بەوەشکردوە کە ئێران لە ریزبەندى یەکەمى سەرچاوەکانى هەناردەکارى کاڵایە بۆ عێراق و هاوبەشى دوەمى بازرگانییە لەگەڵ ئەو ڵاتە لەدواى چین، جگە لەوەى رۆڵى هەیە لە پڕۆژەکانى ئاوەدانکردنەوە و پاڵپشتى بۆ روبەڕوبونەوەى تیرۆر.
ئاماژەى بە پەیوەندییەکانى هەردو وڵاتیش کردوە بۆ پەرەپێدانى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و باسى لەوە کردوە لەو چوارچێوەیەدا محەمەد جەواد زەریفى وەزیرى دەرەوەى ئیران لەم هەفتەیەدا سەردانى عێراق دەکات بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک و گەشە پێدانى پەیوەندیە ئابورى و سیاسییەکان.
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر راگەیەندرا کە ساڵى رابردو ئاڵوگۆڕى بازرگانى هەردو وڵات گەیشتوەتە (13) ملیار دۆلار و حەسەن روحانى هیوای خواست ئاستى ئەو ئاڵوگۆڕە بگەیەننە (20) ملیار دۆلار.