‘پشكی هەرێم لە بودجەی 2019 هیچ گۆڕانكارییەكی تێداناكرێت”

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەوەدەكاتەوە، پشكی هەرێم هەربە %12 دەمێنێتەوە وهیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت.

سوهام العقیلی، پەرلەمانتاری كوتلەی فەزیلە و ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، پشكی هەرێم وەكو خۆی بە لەسەدا 12ی ماوەتەوە و لەكۆبونەوەی كۆتایی لیژنەی دارایش باسی پشكی هەرێم نەكراوە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەی دارایی لیژنەیەكی بەپەلەی پێكهێناوە لەبارەی داواكارییەكانی فراكسیۆنەكوردستانییەكان لەبودجەی ساڵی 2019 دا چونكە لەوەزیاتر پەرلەمان نایەوێت پرۆژە یاسای بودجە دوابكەوێت.

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق لەپەرلەمانە وتائێستا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساكە كراوە و پشكی كوردیش هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە ئەوەش نیگەرانی بەشێك لەفراكسیۆنە كوردستانییەكانی لێكەوتووەتەوە.