هەڵوێستی چین سەبارەت بە دانوستانە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمریکادا

وەزارەتی بازرگانی چین بڵاویکردەوە، دانوستانە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمریکا زەمینەی بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هەردوولا پێکهێناوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانی چین سەبارەت بە دانوستانە بازرگانییەکان لە نێوان رۆژانی حەوت بۆ نۆی کانوونی دووەم کە لە پەکینی پایتەخت لەسەر ئاستی جێگری وەزیر بەڕێوەچوو، بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە هەردوولا بە شێوەیەکی چالاک ئەو “هاوڕاییە گرنگانە”یان جێبەجێکردووە کە پێشتر هەریەک لە سەرۆکی چین، شی جین پینگ و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پێی گەیشتوون، هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییە دووقۆڵییەکان و نیگەرانییە هاوبەشەکان بیروڕای گشتگیر، قووڵ و ورد ئاڵوگۆڕکراون.

جەخت لەوەشکراوەتەوە کە دانوستانەکان ئاستی لێک تێگەیشتنی هاوبەشیان بەرزکردووەتەوە و زەمینەیەکیان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هەردوولا پێکهێناوە و لایەنەکان لە پەیوەندیی نزیک و بەردەوامدا دەبن.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەو بابەتانەی کە رێککەوتنی لەبارەوە کراوە، نەکراوە.