وەزیری شارەوانی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ڕوویان لە هەرێم كردووە لە ساڵی 2018 ئاشكرا دەكات

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ڕوویان لە هەرێم كردووە لە ساڵی 2018 ئاشكرا دەكات و ئەو هۆكارانەش ئاشكرادەكات، كە بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی گەشتیاری ئێرانی و دەشڵێت: “لە ڕۆژانی سەری ساڵ 136 هەزار گەشتیار هاتونەتە هەرێم”.

نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە پەراوێزی بەخشینی بڕوانامە بە ژمارەیەك لە كۆمپانیا و شوێنە گەشتیارییەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2018 ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان گەیشتە سێ ملیۆن و 57 هەزار كەس، كە ئەوەش بە بەراورد بە 2017 بە ڕێژەی 47% زیادی كردووە.

سەبارەت بە ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە ڕۆژانی سەری ساڵ وتی، “بەهۆی ئەو چالاكییە گەشتیاریانەی ئەنجام درابوون لە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، 136 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە وئەمەش ڕێژەیەكی پێوانەییە لە هاتنی گەشتیاران”.

جەختیشی كردەوە، كە زۆرینەی ڕێژەی گەشتیاران لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتوون و بەشێكیشی لە وڵاتانی دەورووبەر و دەرەوە هاتوون.

سەبارەت بە كەمبوونی ڕێژەی گەشتیارانی ئێرانی ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەوەی ئێران ڕێژەیەك پارە لە گەشتیاران وەردەگرێت لە كاتی سەردانی یەكەم و بۆ سەردانی دیكە ڕێژەكە زیاتر دەكات، بۆیە گەشتیاری ئێرانی كەمتر بووە، بەڵام ئەو بڕ پارەیە لەودیوی ئێران وەردەگیرێت و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دیاری نەكراوە.

لە ساڵی 2016 ژمارەی گەشتیارانی هاتوو بۆ هەرێم ملیۆنێك و 500 هەزار گەشتیار بووە و لە ساڵی 2017 ڕێژەكە زیادی كردووە بۆ دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار و لە ساڵی 2018-شدا بۆتە 3 ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار.