لە هەنگاوێکدا کە بە کاولکردنی شارستانێتی عێراق ناودەبرێت، چەند ماڵپەرێکی مەسیحی کاسۆلیکی عێراق هەواڵی فرۆشتنی چەند کەنیسەیەکی لە ناوچەکانی عێراق بڵاوکردەوە کە دوای فرۆشتنیان دەدرێنە کەرتی بازرگانی تا پرۆژەی تێدابکەن.
جۆزێف سڵێوا، پەرلەمانتارێکی پێشوو لە پێکهاتەی مەسیحییەکانی عێراق بە ماڵپەڕی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند: مەرجەعیەتە گەورەکانی مەسیح لە عێراقدا هۆکاری سەرەکی تێکدان و فرۆشتنی کەنیسەکانن لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد: کەنیسەی سریانییەکان لە گەرەگی شۆرجەی بەغدا قەشەکانی بەوە قایلبوون کە کەنیسەکەیان بفرۆشن بە کەرتێکی وەبەرهێنان تا کەنیسەکە تێکبدات و مۆڵێک لە شوێنیدا دروستبکات کە ئەمە پێچەوانەی هەموو رەفتارەکانی مەسیحییە لە عێراق و جیهاندا.
وتیشی: “وەقفی مەسیحی عێراق ئاگاداری فرۆشتن و تێکدانی هەموو کەنیسەکانی عێراقن، بەڵام سەیر لەوەدایە تائێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر ئەم ڕووداوانە، ئەمەش پێماندەڵێت کە خۆیان لەم کارەدا بەشداربن”.