لیژنەیەك بەدواداچوون بۆ رێكخستنەوەی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش بە نیشتەجێبووانی سیتیەكان دەكرێت دەكات، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت، بەپێی پێوەر و ئاستی باشی خزمەتگوزارییەكان نرخەكان دیاری دەكرێتەوە.
ئەمڕۆ 8-1-2019 لە دیوانی قائیمقامیەت، ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی رێكخستنەوەی خزمەتگوزاری سیتیەكان كۆبووەوە، كە لە نوێنەری فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان پێك هاتووە، بەمەبەستی رێكخستنەوەی خزمەتگوزاری و نرخەكانیان لە سیتیەكان.
پاش كۆبونەوەكە سۆران عەبدول غەفوور، سەرۆكی لیژنەی رێكخستنەوەی خزمەتگوزاری و سیتیەكان رایگەیاند: لەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی جۆر و ئاستی خزمەتگوزایەكان لە سیتیەكاندا و نرخەكەی پێك هێنراوە كەلەلایەن كۆمپانیاكانەوە پێشكەش بە نیشتەجێبوانی سیتیەكان دەكرێت.
وتیشی: لیژنەكە لە كەسانی پسپۆڕی چەند بەڕێوەبەرایەتییەك پێك هاتوه، كە بریتین لە نوێنەرەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا، وەبەرهێنان، ئاسایشی ئابوری، چاودێری بازرگانی، كە كارە سەرەكیان پێداچونەوەیە بە ئاست و نرخی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش دەكرێت، تا كەموكورتییەكان چارەسەر بكەن و كۆمپانیاكانیش بە باشترین شێوە خزمەتگوزاری پێشكەش بە نیشتەجێبوانی سیتیەكان بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژی دوشەممەی داهاتو، كۆبونەوەیەكی گشتگیرتر دەكرێت بۆ دیاریكردنی جۆری ئەو خزمەتگوزاریانە كە پێویستە لە یەكەی سیتیەكاندا پێشكەش بە هاوڵاتی و نیشتەجێبوانی ئەو شوێنانە بكرێت، تا لیژنەكە خاڵەكان بخاتە بەرنامەی كاری لیژنەكەوە، وەبەرهێنەكانی پابەند بكرێن لە چارەسەری كەموكورتییەكانیان.
وتیشی: دوای ئەوەی جۆر و نرخی خزمەتگوزاریەكان دیاریكرا، ئەو كۆمپانیایانەی خزمەتگوزاری لەسیتیەكان پێشكەش دەكەن پابەند بوون بە ئەو جۆر و نرخەی لەلایەن لیژنەكەوە دیاریكراوە، كارەكە دەدرێتەوە بە هەمان كۆمپانیا، هەركۆمپانیایەكیش پابەند نەبوو بەونرخە لەڕێی تەندەروە دەدرێت بە كۆمپانیایەكی تر.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بۆ ئاگاداربونیش لە ئاست و كوالێتی و نرخی خزمەتگوزاریەكان بەشێوەیەكی بەردەوام و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوه سەردانی سیتیەكان دەكرێت و لەهەبونی كەوكورتی كۆمپانیاكان روبەوری رێكاری یاساییان دەكاتەوە.