وەزارەتی پلاندانانی عێراقی رای دەگەیەنێ، لەمەودوا كار بە سیستەمی تایبەتمەندی پێوانەیی نێودەوڵەتی لە خاڵە گومرگییەكان دەكرێت، بۆ ئەمەش خولێكی راهێنان بۆ فەرمانبەران دەكاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی كانوونی دووەم/ یەنایەر، فەرمانگەی كوالێتی و پێشخستنی دامەزراوەیی لە وەزارەتی پلاندانان، یەكەمین خولی راهێنانی بۆ فەرمانگەی باڵای گرێبەستە حكوومییەكان كردەوە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی تایبەتمەندی پێوانەیی نێودەوڵەتی “ISO 9001:2015 “.
فەزیڵە مەجید یاسین بەڕێوەبەری بەشی كوالێتی و پێشخستنی دامەزراوەكان دەڵێ، خولەكە لەسەر داوای فەرمانگەی باڵا بوو لە فەرمانگەی گرێبەستە حكوومییەكان لە پێناو جێبەجێكردنی ” ISO”ی تایبەت بە عێراق و وەرگرتنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی، ئەمەش بەشێكە لە پلانی وەزارەت بۆ پێشخستنی توانای فەرمانگەی گرێبەستە حكوومییەكان كە لە مانگی رابردووەوە دەستی پێ كردووە.
فەزیڵە روونی كردەوە لە خولەكەدا پێویستییەكانی تایبەتمەندی پێوانەیی نێودەوڵەتی فێری فەرمانبەرانی خاڵە سنوورییەكان دەكرێت كە چۆن لە خاڵە سنوورییەكان جێبەجێی دەكەن، هاوكات باس لە مەترسییەكانی پشتگوێخستنی جێبەجێكردنی ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەش دەكرێت.
فەزیڵە وتی “پێویستە گرنگی زۆر بەو سیستەمە بدرێت لە خاڵە گومرگییەكان بۆ پێواندنی تایبەتمەندی و كوالێتی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییانەی رەوانەی عێراق دەكرێن، ئەمەش هەم بۆ سەلامەتی هاووڵاتییانی عێراقی و هەم بۆ دڵنیایی هاونیشتمانیان لە كڕینی كەلوپەلەكان و مامەڵەكردن لەگەڵیدا”.