لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە ژێردەستەی وڵاتانی بیانی بوون، چەندین وشە و زاراوە هاتۆتە ناو زمانەكەیانەوە، بەڵام هەندێكیان بە جۆرێك تێكەڵاوی ژیانی خەڵكبوون، بۆتە بەشێك لە زمان و كەلتووریان. یەكێك لە وشانەش كە هاتۆتە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، وشەی ئۆرزدییە كە لە چەندین شوێنی عێراق بوونی هەیە و ناشزانین وشەكە چۆن درووست بووە، یان بەرگوێمان نەكەوتووە.
ئۆرزدی چییە؟
لە كۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست كۆمپانیای ئۆرزدی بەشداربوون لە گەشەپێدانی ڕۆشنبیری بەكاربەر لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا دواتر لەوێشەوە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریكا.بە كردنەوەی ئەو مۆڵە گەورانە بۆ بایەخ پێدانی كاڵای ئەوروپی لە زۆربەی شارە گرنگەكانی دونیا، عێراقیش بێ بەش نەبوون لەم كۆمپانیایە لەهەریەك لە پارێزگاكانی بەغدا و بەسرە و موسڵ كە لە گەورەترین پارێزگای عێراقن، ئۆزدی لقی خۆی تێداكردەوە.
چۆن دامەزرا؟
سەرچاوەكان دەڵێن ئەم كۆمپانیایە بە پێی لێكۆڵینەوەكان بەناوی بنەماڵەی (باخ)ی جولەكەوە بووە، كە دەوڵەمەندترین بازرگانی ئیپمراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا بوون. بنەماڵەكە بە رەچەڵەك نەمسا-هەنگاریین، ئادۆلف ئۆرزدی هاوسەرگیری لەگەڵ مۆریس باخ كردووە.
ئەدۆڵف ئۆرزدی پێشتر ئەفسەرێك بوو لە بزاوتی 1848ی نیشتمانی هەنگاریا، كە دواتر ئەو بزوتنەوەیە شكستی هێنا و نەمساوییەكان لەناویبردن. ئەو ئەفسەرە دواتر سەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ (ئیستانبوڵ) لەوێ ئیتر خۆری بازرگانی هەڵهات و دەستی بەكاركرد.
كردنەوەی یەكەمین فرۆشگا
وەكو دەستپێكی ئیشە بازرگانیەكە یەكەمین فرۆشگای لەناوچەی گەڵەتا لە ئەستانبوڵ كردەوە كە شوێنكی ستراتیژی شاری ئەستانبوڵە، فرۆشگاكە جلی ئامادەكراوی ئەوروپی دەهێنا و لەم شوێنە دەیفرۆشتن، بەمجۆرە كارەكەی گەشەی كردوو دواتریش هەریەك لە كوڕەكانی فلیپ و لیۆن لە دوای خۆی درێژەیان بەم كارەدا.
ناونانەكەی
پاش ئەوەی ئیشەكە پەرەی سەند كوڕەكانی ئۆرزدی لەگەڵ هێرمان و جۆزیفی كوڕی مۆریس باخ ئیشەكەیان گرتە دەست، هەرچواریان ڕێكەوتن لەسەر ئەوەی ناوی بنێنن، ئۆرزدی-باخ. واتە ناوی باوكی هەرچواریان.
لە ساڵی 1879 هێرمان باخ لە شاری پاریس هاوسەرگیری كرد لەگەڵ ماتێلادا ئۆرزدی خوشكی فلیپ و لیۆن و لە هەمان شاردا نیشتەجێبوون. لە ساڵی 1888یش نووسینگەی سەرەكی كۆمپانیاكەیان لە پاریس كردەوە، لەبری ئەوەی بنووسن ئۆرزدی باخ، كردیان بە ئۆرزدی باك چونكە لە زمانی فەرەنسی بە “باخ”بە “باك” دەخوێنرێتەوە. ناوەكەی بە فەرمی بە”ئۆرزدی باك” جێگیركرا.
لە وڵاتانی دیكەش فرۆشگاكە دەكرێتەوە
ئۆرزدی باك لە ساڵی 1893 یەكەمین فرۆشگاكانی لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا كردەوە و دواتر لە ساڵی 1895 كۆمپانیاكە بوو بە پشكداری، فرۆشگای گەورەی لە شارەكانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا و توركیا كردەوە، ساڵێك دواتر لە پایتەختەكانی قاهیرە و تونس و ، شاری حەلەب و بیروت كردەوە.
كاڵاو و شتومەكانەی ئۆرزدی
ئەو شتومەكانی لەم فرۆشگایە دەستدەكەوتن بریتی بوون لە جلوبەرگ ، پێڵاو، دروستكراوی پێستە، شتومەكی ناوماڵ، خواردن. هەموو ئەم شتانە لەیەك فرۆشگای گەورە دەكرایەوە، چیتر كڕیارەكان پێویستیان نەدەبوو لە فرۆشگایەك بۆ فرۆشگایەكی دیكە بە شوێن پیداویستیەكانیان بگەڕێن. چونكە هەموو پێداویستیەكان لە شوێنە جیاجیاكانی ئۆرزدی دەست دەكەوتن.
بەڵام لەسەرەتای سەدەی بیست دەوڵەمەندێك بە ناوی عومەر ئەفەندی كە لە بنەماڵەی سوڵتانەكانی عوسمانی بوون، سەرجەم فرۆشگاكانی لە میسر كڕی چیتر بە ئۆرزدی باك بانگیان نەدەكرد، بەڵكو ناوەكەی گۆڕا بۆ عومەر ئەفەندی.
سەرچاوە: history of kurd