لەسلێمانی تیروپشك بۆ 990 یەكەی نیشتەجێبونی مامۆستایان بەڕێوەدەچێت كە 85%ی كارەكانیان تەواو بووە.
ئەمڕۆ 5ی كانونی دووەمی 2018، لەسلێمانی، تیروپشك بۆ 990 یەكەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان بەڕێوەدەچێت كە بەشێوەی شوقە لەرۆژهەڵاتی شاری سلێمانی دورستكراون، یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێت: پێشتر بەپێی ریزبەندی خاڵی مامۆستایان فۆڕمی یەكەكان دابەشكراوەو كۆی پرۆژەكەش هەزارو 980 یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت.
ئاماژەی بەوەشدەكەن كە بەهۆی پاشەكەوتی مووچەوە ئەو مامۆستایانەی فۆڕمی یەكەمانیان بۆ دەرچووە نەیانتوانیوە قیستی یەكەكانیان بدەنە كۆمپانیای جێبەجێكار كە مانگانە بڕی 400 دۆلار بووە، بەوهۆیەوە بەشێكی زۆریان فڕۆمەكانیان فرۆشتوەتەوە.
لێپرسراوانی یەكێتی مامۆستایان، لەكاتی بەڕێوەچوونی مەراسمی تیروپشكی یەكەكاندا، تەئكیدیان لەسەر ئەوەشكردەوە كە ئەو 990 یەكەیەی ئەمڕۆ شوێنەكانیان بۆ خاوەنەكانیان دیاریدەكرێن، 85%ی كارەكانیان تەواو بووەو كۆی پرۆژەكەش 70%ی كارەكانی تەواو كراوە.
باسیان لەوەشكرد كە لەسلێمانی دوو پرۆژەی دیكەش بۆ مامۆستایان هەیەو لەگەڵ ئەو وەبەرهێنەرانەی زەوییەكانیان وەرگرتووە گرێبەست كراوە.