عێراق پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی ئۆپێك ده‌بێت



سامر غه‌زبان
، وه‌زیری نه‌وتی عێراق، رایگه‌یاند: عێراق پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بێت كه‌ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ئۆپیك و وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ده‌ریانكردووه‌ له‌باره‌ی سنوورداركردنی به‌رھه‌مھێنانی نه‌وت به‌ڕێژه‌ی ملیۆنێك و دووسه‌د ھه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.

سامر غه‌زبان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رھه‌مھێنانی نه‌وت ھه‌نگاوی پێویستی ناوه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی له‌ سه‌دا ٣ی به‌رھه‌مھێنانی نه‌وت له‌ رۆژێكدا كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ ١٤٠ ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا.

وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ئۆپیك و وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ له‌سه‌روویانه‌وه‌ رووسیا رێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌بڕی ملیۆنێك و دووسه‌د هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌ وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ نرخی نه‌وت به‌جۆرێك وڵاتانی ئه‌ندام بڕی ٨٠٠ هه‌زار به‌رمیل و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیل رۆژانه‌ كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ.