هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا دەتوانێت بەو بڕەی لە بودجەی گشتی عێراق بۆی دیاریکراوە، سیستمی پاشەکەوت ھەڵبوەشێنێتەوە و مووچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەکەوت دابەش بکات.
نوێنەرانی کوردیش لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەوە دەکەنەوە، ھەرێمی کوردستان دەتوانێت رێککەوتن لەگەڵ بەغداد بکات و ئەو بڕەی بۆ ھەرێم دیاریکراوە بەبێ پاشەکەوت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابەش بکات .
ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، پشکی ھەرێم لە بودججەی عێراق بەبێ پاشەکەوت بەشی مووچەی فەرمانبەران دەکات.
“ئەحمەد حاجی رەشید” ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەند سیناریۆیەک ھەیە، یەکێک لەوانە بریتییە لەوەی ئەگەر ھەرێم نەوت بۆ خۆی بفرۆشێت، عێراقیش ئەو بڕەی تەرخان کراوە بۆ مووچەو لەگەڵ ئەوەی بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە، رەوانەی ھەرێم بکرێت، دەتوانرێت بەبێ پاشەکەوت مووچە لە ھەرێم دابەش بکرێت.
وتیشی، پشکی ھەرێم لە بودجەی گشتی ٢٠١٩ی عێراق بە ١٢.٦٧% کە بڕی ٩ تریلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینارە، بەبێ پەیڕەوکردنی سیستمی پاشەکەوتکردن بەشی مووچەی فەرمانبەران دەکات. ھاوکات “شیروان میرزا” ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھەرچەندە حکومەتی ھەرێم بە رەسمی و بەشێوەیەکی تەواو راینەگەیاندوە چەندی پارە پێویستە بۆ ئەوەی مووچە بەبێ پاشەکەوت دابەش بکات، بەڵام بە پێی لێدوانێکی وەزیری دارایی ھەرێم زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دیناری بۆ مووچە پێویستە، کەواتە ئەو بڕە پارەیەی عێراق دیاریکردوە، بەبێ پاشەکەوت بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات، بەڵام حکومەتی ھەرێم پێویستی بە بودجەیەکی تر ھەیە بۆ بەکاربردن و کاروباری رۆژانە و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ھەرێم رێککەوتنێک لەگەڵ بەغداد ئیمزا بکات و داھاتی ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت بۆ ھەرێم بەکار بھێنرێتەوە، یاخود داھاتی ناوخۆ کە بە پێی لێدوانەکانی وەزارەتی دارایی ھەرێم مانگانە زیاتر لە ١٣٠ ملیار داھاتی ناوخۆ ھەیە، ئەگەر ئەو رێککەوتنە بکرێت دەتوانرێت بودجەکەی عێراق بە تەنھا بەبێ پاشەکەوت بۆ مووچە بەکار بھێنرێت.