ئایرین رۆستەم حەبیب كچێكی تەمەن 27 ساڵانی دانیشتووی شاری سنەی ئێران، ئەو دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری بیناسازی-یە، بەڵام حەز و خولیای بۆ كاری مسگەری و هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر مس وای لێكردووە واز لە پیشە سەرەكییەكەی خۆی بهێنێت و ماوەی زیاتر لە دووساڵە ژیانی خۆی تەرخانكردووە بۆ برەودان بە پیشە نوێیەكەی لە كاری هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر مس.
ئایرین كە ماوەی چەند رۆژێكە بۆ نمایشكردن و فرۆشتنی بەشێك لە بەرهەمەكانی لە شاری سلێمانی-یە لە بارەی چۆنێتی فێربوون و دەستكردن بەو كارە دوا و گوتی: “برا گەورەكەم لە شاری سنە دوكانی فرۆشتنی مسی هەبوو، لەو دوكانەوە ئاشنای كاری مس و مسگەری و هەڵكۆڵین و نەخشاندن بووم لەسەر مس، دوای سەردانێكی شاری ئەسفەهان و بینین و ئاشنابوونی زیاتر بەو پیشەیە لە كارەكەدا زیاتر پێشكەوتم و شارەزایی زیاترم پەیدا كرد”.
ئەو وتی: “سەرەتا كە دەستم بەم كارە كرد بۆ بژێوی و دابینكردنی بژێوی ژیانی رۆژانە نەبوو، تەنها حەز و خولیایەكی خۆم بوو بۆ هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر مس، ئێستا كە ماوەیەكی زۆرە بەردەوامم لەسەر كارەكەم دەتوانم بژێوی ژیانی خۆمی لەسەر دابین بكەم و پاشكەوتیشی لەسەر بكەم”.
ئەو هەروەها دەڵێت “لە ئێران تاكە كچی كوردم كە سەرقاڵی ئەم كارەم و مسگەری دەكەم، لەناو خێزانەكەشم جگە لە براكەم كە كاری فرۆشتنی مس دەكات من یەكەم كەسم كە كاری مسگەری و نەخشاندن و هەڵكۆڵین دەكەم”.
ئایرین هەروەها باس لەوەش دەكات، ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگە بەردەوامە لەسەر كاری نەخشاندن و هەڵكۆڵین لەسەر مس و رۆژانە نزیكەی 10 كاتژمێر بە چەكوش و قەڵەمەكانییەوە بەردەوام كاری هەڵكۆڵین و نەخشاندن لەسەر ئەو كەلوپەل و كاڵایانە دەكات كە لە مس دروستكراون، لەوانەش سەماوەر و قاپ و كتری و قۆری و پیاڵە و ژێرپیاڵە و سینی و دەیان پارچەی تر.
ئەو كچە مسگەرە باس لەوەش دەكات، بەرنامە و پلانی هەیە ئەو دوكانەی كە ئێستا هەیەتی لەناو بازاڕی شاری سنە و بۆ خۆی بەتەنها كاری تیادا دەكات، فراوانی بكات و كارگەیەكی گەورەی نەخشاندن و هەڵكۆڵین لەسەر مس بكاتەوە تا ژمارەیەكی زۆری كچان فێری ئەو پیشەیە ببن و كاری تیادا بكەن.