سه‌رۆك كۆماری عیراق دۆسییه‌ی ئاو و ژینگه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان تاوتوێ ده‌كات

د. به‌رهه‌م ساڵح و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ته‌ئكیدیان له‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی و ئاو و ژینگه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌ به‌ یه‌كجاری.

ئه‌مڕۆ 3-1-2019، د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا كۆبووه‌وه‌و دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌شدا، د. به‌رهه‌م و ئه‌ردۆگان ته‌ئكیدیان له‌ هه‌ماهه‌نگی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.

سه‌ره‌تا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند: توركیاو عیراق وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ ده‌یانه‌وێت په‌ره‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، وتیشی: وه‌ك توركیاش ئاماده‌ین له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عیراق بكه‌ین و هاوكاربین له‌ بنیاتنانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌.

ئه‌ردۆگان راشیگه‌یاند: وه‌ك توركیا بواره‌كانی ئاسایش و ئابوری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، له‌ عیراق به‌ره‌و پێش ده‌به‌ین.

سەرکۆماری تورکیا، وتی: “لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا لەگەڵ عێراق، ساڵی ٢٠١٣ بە ١٦ ملیار دۆلار ژمارەی پێوانەییمان شکاند بوو. دەڵێم با بگەینەوە ئەو ئاستە و تەنانەت بیکەینە ٢٠ ملیار دۆلار”.

دواتر د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاند: عیراق له‌ قۆناغی بونیادنانه‌وه‌و خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانیدایه‌ بۆیه‌ پێویستی به‌ ئارامی و ئاسایش و بوژانه‌وه‌و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانیدا، وتیشی: هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان عیراق و توركیا بۆ هه‌ردوو وڵات و ناوچه‌كه‌ش زۆرگرنگه‌.

د. به‌رهه‌م جه‌تیشیكرده‌وه‌، له‌ سه‌ردانمان بۆ توركیاو كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ چه‌ندین كێشه‌مان تاوتوێكردووه‌، له‌وانه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو و ژینگه‌ به‌ یه‌كجاره‌كی .

وتیشی: عیراق له‌ئێستادا ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیقلیمی و گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی له‌هه‌موو بواره‌كانداو كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌یه‌كجاره‌كی . 

د. به‌رهه‌م ته‌ئكیدی له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌منی و ئابوری و بازرگانییه‌كانی نێوان عیراق و توركیا كرده‌وه‌، وه‌ك دوو وڵاتی دراوسێ و هاوكاریكردنی یه‌كتر له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، وتیشی: به‌منزیكانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری  ئابوری عیراق و توركیا له‌ شاری به‌غدا رێكده‌خرێت كه‌ بۆ پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراو و كۆتاییهێنانه‌ به‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.

سه‌رۆك كۆماری عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، رێگه‌ به‌هیچ گروپ و ده‌سته‌یه‌كی تێكده‌ر ناده‌ین، یاری به‌چاره‌نووسی هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ بكات و ئاسایشی ئابوری و په‌یوه‌ندییه‌كانمان، له‌گه‌ڵ وڵاتان بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

شایه‌نی باسه‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو و وه‌زیری به‌رگری، خولوسی ئاكار و وه‌زیری بازرگانی، روهسار په‌كجان و وه‌زیری كشتوكاڵ و دارستان، به‌كر پاكده‌میرلی و وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئیبراهیم كاڵن و سه‌رۆكی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، فه‌خره‌ددین ئاڵتون و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پیشه‌سازی به‌رگریی، ئیسماعیل ده‌میر و پارێزگاری ئه‌نقه‌ره‌، واسیپ شاهین ئاماده‌ی رێوڕه‌سمی پێشوازی  بوون.