بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی رای گەیاند، دەستیان بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی 11ی ساڵی 2018 كردووە و بۆ قەرەبووكردنەوەی بەشەخۆراكە فەوتاوەكانی ساڵی رابردوویش چاوەڕوانی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەكەن و خەریكی كۆكردنەوە ئەو خۆراكانەن كە 2018 نەدراون.
شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی ڕاگەیاندوه، لە چەند رۆژی رابردوو دەستكراوە بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی 11ی ساڵی 2018 و تائێستەیش دابەشكردنی بەشەخۆراكی هەمان مانگ بەسەر هاووڵاتییاندا بەردەوامی هەیە كە بریتیین لە دابەشكردنی شەكر و زەیت و برنج.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك ئاماژهی بهوهش كرد دوای كۆتایی هاتنی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو، چاوەڕوان دەكرێت دەست بەدابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی یەكی 2019 بكرێت، بەڵام دەبێت پێشوەختە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە رێنوێنی نوێمان ئاراستە بكرێت سەبارەت بەدابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە.
سەبارەت بە دابەشنەكردنی بەشە خۆراكی ئەو مانگانەی ساڵی ڕابردوو نەدراوە بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك ڕای گەیاند، بەشەخۆراكی هاووڵاتییان نافەوتێت، بەڵكو قەرەبوودەكرێنەوە بە پارە بۆ ئەوەیش چاوەڕوانی دوا بڕیاری حكوومەتی عێراق دەكرێت، چونكە هەر بڕیارێك لەبارەی قەرەبووكردنەوەكەوە هەبێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان لەلایەن بەغداوە دابین دەكرێ، بەڵام ناڕەزایی زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەرە بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنەكە و هاوكات خراپی كوالیتییەكانی.