دیاریكردنى نرخى ده‌رمان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌


وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراى ده‌كات كه‌ تۆماركردنى كۆمپانیاى تایبه‌ت به‌ ده‌رمان وه‌ستاوه‌ و كاره‌كانى دیاریكردنى نرخى ده‌رمانیش كه‌وتووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

خاڵس قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕایگه‌یاند بڕیارى دیاریكردن و یه‌كخستنى نرخى ده‌رمان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌رچووه‌ و وه‌ك هه‌نگاوى یه‌كه‌میش بۆ جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كان، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌ماهه‌نگیمان ده‌ست پێكردووه‌ و لیژنه‌مان پێك هێناوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی قایمقامیەتیه‌كان نوێنه‌ری لیژنه‌كان دانراون و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

هەروەها ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕێن ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بڕیار له‌سه‌ر كاره‌كانى دامه‌زراندنى ده‌زگاى ده‌رمان بدات كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كاره‌كانى كڕین و دابه‌شكردنى ده‌رمان ستاندار ده‌بێت.

باسى له‌وه‌ش كرد به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى دامه‌زراندنى ده‌زگاى ده‌رمانمان هه‌یه‌، له‌ ئێستادا هیچ كۆمپانیایه‌كی نوێى بواری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی تۆمار ناكرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى مۆڵه‌تیان هه‌بووه‌، مۆڵه‌ته‌كه‌یان بۆ نوێ ده‌كرێته‌وه‌.