سۆپای دار لە هەرێمی كوردستان مێژوویەكی كۆنی هەیە و زۆربەی دانیشتووانی ئەو شوێنانەی دەكەونە ناوچە شاخاوییەكانەوە بۆ خۆ گەرمكردنەوە سۆپای داریان بەكارهێناوە و تا ئێستاش لە بەشێك لە ناوچەكان بەكارهێنانی ئەم جۆرە سۆپایە بۆ خۆ گەرمكردنەوە لە سەرمای وەرزی زستان خواستی تایبەتی لەسەرە.
لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و كشانەوەی دامودەزگا حكومییەكانی عێراق لە ناوچەكە، بە هۆی گەمارۆی ئابووری و سەختی دۆخی ژیانی هاوڵاتییان و نەبوونی سووتەمەنییەوە، هاوڵاتییان لە زۆربەی شار و شارۆچكە و گوندەكان روویان لە بەكارهێنانی ئەم سۆپایە كرد و بەم هۆیەشەوە ژینگەی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەركەوت بە هۆی بڕینەوەی زۆربەی دار و درەختەكانی ناوچە شاخاوییەكانەوە.
ناوچەی هەورامان بە هۆی كەشوهەوا و سەختی ئاوهەواكەی لە وەرزی زستاندا، وای كردووە دانیشتووانەكەی خواستی گەورەیان لەسەر سۆپای دار هەبێت و لەم وەرزەدا و زۆربەی كات دوكەڵی سۆپاكان ئاسمانی ناوچەكەی تەنیوە.
فایەق محەمەد كاسبكارێكی تەمەن 65 ساڵانی ناحیەی خورماڵە لە نزیك هەڵەبجە، ئەو ماوەی چەند ساڵە دوكانی فرۆشتنی سۆپای داری هەیە و بژێوی ژیانی خێزانەكەی لەو رێگەیەوە دابین دەكات.
ئەم كاسبكارە لە بارەی خواستی خەڵكی ناوچەكە لەسەر سۆپای دار وتی: “ساڵانە لە وەرزی پاییز و سەرەتای هاتنی زستاندا داواكاری لەسەر سۆپای دار زۆر دەبێت، بەجۆرێك ساڵانە 70 تا 80 سۆپای دار دەفرۆشم”.
فایەق محەمەد ئەوەشی وت: “ماوەی دوو ساڵە بە هۆی كەمی و گرانی نەوتەوە خواست زیاتر لەسەر سۆپای دار هەیە لەم ناوچەیەدا، بەشێكیش سۆپا كۆنەكانیان دەهێنن و بۆیان چاك دەكەینەوە تا جارێكی تر بەكاری بهێننەوە”.
عەباس ئاگرین پیاوێكی تری دانیشتووی خورماڵە، ئەو كە لەگەڵ چەند كەسێكی تری دانیشتووی ناوچەكەدا لەنێو چایخانەیەك بە دەوری كڵپەی ئاگری سۆپاكەوە دانیشتبون، وتی: “بەكارهێنانی سۆپای دار حەز و خولیای تایبەتی خۆمە و زستانان لە ماڵەوەش تەنها ئیش بە سۆپای دار دەكەین و گەرمییەكی زۆری هەیە”.
زوبەیدە هەورامی ژنێكی بەتەمەنی ناوچەی هەورامانە، ئەویش كە لە ماڵەوە سەرقاڵی گەرمكردنی ئاگری ناو سۆپا دارەكەی بوو، لەبارەی بەكارهێنانی ئەم جۆرە سۆپایانەوە وتی: “لە كۆنەوە هەر سۆپای دار بەكاردەهێنین، هەرگیز حەزم لە سۆپای نەوت نییە و لەم سەرما و سۆڵەیەی ئەم ناوچەیەدا بە سۆپای نەوت گەرمم نابێتەوە”.