ئاواره‌کانی‌ ئه‌مریکا ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌نگ بده‌ن

قوربانییانی زریانی‌ ساندی له‌نیوجه‌رسی ئه‌مریکا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ له‌هه‌لبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا له‌رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ندێک له‌هاووڵاتیانی ویلایه‌تی نیویۆرک له‌نێوکه‌مپه‌کانیانه‌وه‌ ئه‌و مافه‌یان هه‌یه‌ له‌و هه‌لبژاردنه‌داکه‌ سبه‌ینێ ئه‌نجامده‌درێت.
ده‌سه‌ڵاته‌دارانی ویلایه‌تی‌ نیوجه‌رسی رایانگه‌یاند هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی‌ به‌هۆی گه‌رده‌لوولی ساندی-یه‌وه‌ ئاواره‌بوون،  به‌هۆی فاکس و ئێمه‌یڵه‌وه‌ ده‌توانن به‌شداری‌ پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدان بکه‌ن‌و  ده‌نگی‌ خۆیان بده‌ن به‌و کاندیده‌ی‌ خوازیارن به‌سه‌رۆکی‌ داهاتووی‌ ئه‌مریکا هه‌ڵببژێردرێت.
کریس کریستی سه‌رۆکی ویلایه‌تی نیوجه‌رسی له‌کۆنگره‌یه‌کی‌ رۆژنامه‌ییدا رایگه‌یاند: فه‌رمانی به‌ کارمه‌نده‌کانی هه‌رێمه‌کان کردووه‌ که‌له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌وه‌ نوسینگه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌ بۆ ده‌نگدانی پێشوه‌خت له‌لایه‌ن ئاواره‌و لێقه‌وماوانی‌ زریانی‌ ساندی-یه‌وه‌، وتیشی کارته‌کانی ده‌نگدان له‌رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا له‌بنکه‌کانی ده‌نگداندا که‌ هێشتا کاره‌بای لێبڕاوه‌ له‌به‌رده‌ستدان. 
جێی ئاماژه‌بۆکردنه‌ ده‌سه‌ڵات دووچاری ئاسته‌نگی زۆر بۆته‌وه‌ له‌به‌رده‌م سه‌رخستنی‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا چونکه‌ به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌کانی‌   هه‌واڵی‌ ئه‌مریکا تائێستا زیاتر له‌ملیۆنێک ماڵ وسه‌نته‌ری‌ بازرگانیی له‌وزه‌ی‌ کاره‌با بێبه‌شن.
له‌لایه‌کی‌ تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌کانی‌ هه‌واڵ رایانگه‌یاند: له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، دوا راپرسی تایبه‌ت به‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاشکراکردووه‌ که‌ باراک ئۆباما سه‌رۆکی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی‌ ئه‌مریکا‌و کاندیدی‌ دیموکراته‌کان بۆ سه‌رۆکایه‌تی‌ و میت رۆمنی‌ کاندیدی‌ کۆمارییه‌کان زۆر له‌یه‌که‌وه‌ نزیکن به‌شێوه‌یه‌ک که‌ 47% ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداری‌ راپرسییه‌که‌یان کردووه‌ لایه‌نگری‌ ئۆبامان‌و 46% یش لایه‌نگری‌ میت رۆمنین، به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌کانی‌ ئه‌و راپرسییه‌ رۆمنی‌ له‌ویلایه‌تی‌ ئۆهایۆ ئاسته‌نگی‌ گه‌وره‌ بووه‌ له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتنی‌ زیاتری‌ ئۆبامادا.