عیراق و ئوردن لەسەر هەناردەكردنی نەوت لە بەندەری عەقەبەوە ڕێككەوتن


سەرۆك وەزیرانی ئوردن ئاشكرای دەكات، لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتوون بەندەری عەقەبە بكرێتە یەكێك لە سەكۆكانی هەناردەكردنی نەوتی عیراق‌و هەردوولاش  رسوماتی فڕۆكەوانی و گواستنەوەی دەریایی كەمبكەنەوە.

(عومەر ڕەزاز) سەرۆك وەزیرانی ئوردن لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ عیراق لەگەڵ (عادل عەبدولمەهدی) هاوتا عیراقیەكەی كۆبوەوە‌و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ڕایگەیاند، لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتووین بەندەری عەقەبە لەسەر دەریای سوور، بكرێتە یەكێك لە سەكۆكانی هەناردەكردنی نەوتی عیراق. 

وتیشی، پەرەپێدانی پەیوەندیەكانمان لەبواری ئاسمانی‌و دەریاییدا تەوەرێكی تری كۆبونەوەكانمان بووە‌و لەگەڵ عیراق ڕێككەوتوون بەڕێژەی لەسەدا 70 رسوماتی فڕۆكەوانی‌و گواستنەوەی دەریایی كەم بكەینەوە.

لای خۆشیەوە (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، هاریكاری ئابووری‌و بازرگانی نێوان عیراق‌و ئوردن لە هەڵكشاندایە‌و ئەمڕۆش ڕێككەوتین لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی پیشەسازی هاوبەش كە لەسەر ڕووبەری 24 كیلۆمەتر چوارگۆشە بنیات دەنرێت.

بەگوێرەی ڕێككەوتنێكی نێوان عیراق‌و ئوردن كە لەساڵی 2013دا ئیمزاكراوە، بۆریەكی نەوت لە بەسرەوە ڕادەكێشرێت بۆ بەندەری عەقەبە لەسەر دەریای سوور، كە توانای گواستنەوەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی دەبێت لە رۆژێكدا‌و بڕی 18 ملیار دۆلاری تێدەچێت.