كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا بەبڕی 100 ملیار دینار زەرەریان كردووە و زۆرترینی ئەو زیانەش بەر پارێزگای سلێمانی كەوتووە.
نازم عەبدوڵا, جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەشاری سلێمانی زیانی كێڵگە پەلەوەرییەكانی ئاشكراكردو وتی، سەرجەم كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2018دا بەبڕی 100 ملیار دینار زەرەرو زیانیان پێگەیشتووەو بەشێكی زۆری ئەو زیانەش بەر كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگای سلێمانی كەوتووە.
وتیشی، كێڵگە پەلەوەرییەكان بەردەوام لە زیاندان، چونكە نرخی كیلۆگرامێك مریشك لە بازاڕەكاندا بە 1600 دینارە، لەكاتێكدا یەك كیلۆگرام مریشك 2250 دینار لەسەر خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكەوێت.
جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان داوای لە حكومەتی هەرێم كرد كە هاوكاری كێڵگە پەلەوەرییەكان بكات و رێگری بكەن لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو، هەروەها عەلەفو سوتەمەنی پێویست بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان دابین بكەن، تاوەكو بەم شێوەیەی ئێستا زیان نەكەن.