پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، بڕیارە بەنداوێكی نوێ لە سلێمانی دروستبكرێت كە كێشەی ئاوی سلێمانی و دەورووبەری چارەسەر دەكات و دەبێتە گەورەترین ناوچەی گەشتیاری لە ناوچەكەدا.
ئەمڕۆ شەممە 29ی كانونی یەكەمی 2018، دەیان هەزار پەنجە ماسی جۆری كارب كرایە نێو بەنداوی دووكان.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی كە لەكاتی تێكردنی پەنجە ماسییەكان بۆ نێو بەنداوی دووكان لەوێ ئامادە بوو، لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ووتی: ” ئەمڕۆ ٣٥ هەزار پەنجەماسیمان خستە دەریاچەی دوكانەوە، ئەوەش گرنگی خۆی هەیە لەڕووی ئابووری و گەشتیارییەوە.”
ووتیشی:” بڕیارمانداوە بە هەماهەنگی لەگەڵ، زانكۆكان و فەرمانگەكانی حكومەت هەرساڵە جۆرێك ماسی كە بۆ ژینگەی وڵاتی ئێمە شیاو بێت بكەینە نێو بەنداوەكان.”
هەڤاڵ ئەبو بەكر، لە كۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەكەیدا باسی لە دروستكردنی بەنداوێكی نوێكرد لە سنووری پارێزگای سلێمانی و رایگەیاند ” كاری دیزاینی بەنداوی خێوەتە تەواوبووە و تەنیا بودجەكەی ماوە كە دابینبكرێت و دەستبەكارەكانی بكرێت.”
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد:” لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان قسەمانكردووە، خەڵكێكی زۆریش دەستپێشخەرییان كردووە بۆ ئەو كارە”.
ئەوەشی ڕوونكردەوە:” جەمال عادلی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو هاتووەتە ئێرە و قسەمان لەگەڵ كردووە، پرۆژەیەكی زۆر گەورەمان هەیە كە ئەوان بەشێوەی زارەكی بەڵێنیانداوە هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەر ئەوانیش نەیكەن بەشێوەی ppp لەگەڵ كەرتی تایبەت دەیكەین كە ئەویش دروستكردنی بەنداوی خێوەتەیە لە سلێمانی، بەنداوەكە كێشەی 100%ـی ئاوی سلێمانی، ئاوی شۆڕش، ئاوی چەمچەماڵ، بازیان و تەكیە و هەموو ئەو ناوچانە چارەسەر دەكات و دەبێتە گەورەترین ناوچەی گەشتیاری لە ناوچەكە.”