پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەکرێت

نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی رێکخراوی سەردەم رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای رەسافەی عێراق بڕیاریدا پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016 خەرجبکات.


مام فارس، نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی رێکخراوی سەردەم رایگەیاند: “ئەمڕۆ چوارشەممە (26-12-2018) دادگای رەسافە حکومەتی عێراقی پابەندکرد بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016، کە بڕەکەی 555 ملیار دینارە”.

زیاتر لە نۆ مانگە ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخش لەگەڵ نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی و دادگای رەسافە سکاڵایان لە دژی وەزیری بازرگانی عێراقی تۆمارکردبوو، دواجار دادگا بڕیاریدا دۆستەیەکە لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبێنێت.

بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “دوای 15 رۆژی دیکە راستەوخۆ ئەو بابەتە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ئەگەری پابەندنەبوونی وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دانەوێڵەی عێراق، جارێکی دیکە سکاڵا تۆماردەکەینەوە”. 

بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو دۆسیەیە، لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا 12 دانیشتن لە دادگای کارگێڕی، رەسافە و کەرخ بەڕێوەچوون.

بەراورد بە ساڵانی پێشوو لە ساڵی 2017ـدا حكومەتی عێراقی بە نرخێكی كەمتر گەنمی جووتیاران كڕیوە ‌و بەجۆرێك بۆ یەك تەن گەنمی پلە یەك 560 هەزار دینار‌ و ‌و بۆ پلە دوو 480 هەزار‌ و بۆ پلە سێ‌ 420 هەزار دیناری دانابوو، لەكاتێكدا لە ساڵانی رابردوو بۆ یەك تەن گەنمی پلە یەك 700 هەزار دینار ‌و بۆ پلە دوو 600 هەزار دینار ‌و بۆ پلە سێ‌ 480 هەزار دیناری دیاریدەكرد.
 
 
 
 
سەرچاوە: ڕووداو