نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 14 مانگی رابردودا دابەزی. ئێستا هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 56 دۆلار و 31 سەنت دەفرۆشرێت، كە ماوەی زیاتر لەساڵێکە بەم نرخە نەفرۆشراوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی dailyfx لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە بازاڕی بۆڕسەوە چوار دۆلار لەنرخی نەوتی برێنت و شەش دۆلار لەنەوتی ئەمەریكی دابەزیوە.
نرخی نەوت لە كاتێكدا دادەبەزێت كە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەیانەوێ رێگری لە بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرووی پێداویستی بازاڕ بكەن و نرخەكەی زیاد بکەن.
وڵاتانی ئۆپێك بە هاوكاری روسیا لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەیاندا كە شەشی كانوونی یەكەم دەستی پێكردبوو، بڕیاریان دا رۆژانە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و ئەو بڕِیارەش چەند رۆژێك كاریگەریی هەبو لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی دنیا.
بەگوێرەی رێككەوتنەكە، لە سەرەتای ساڵی 2019ەوە بۆ ماوەی شەش مانگ رۆژانە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لەبەرهەمهێنانی نەوت كەم دەبێتەوە.
بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك لەمانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە رۆژانە 32 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل بووە.
لەچەند مانگی داهاتودا نرخی نەوت تا 87 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لەدابەزین كرد و ئەم دابەزینەش تا سەرەتای هەفتەی رابردوو بەردەوام بوو.