حکومهتی هەرێمی كوردستان وەرگرتنەوەی قەرزێكی بۆ ساڵێكی تر دواخست ئەوەیش بەمەبەستی هاندانی جووتیاران بۆ پێشخستنی بواری كشتوكاڵی.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی كانوونی یەكەم، ماجد دەباغ وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، بڕیار درا دانەوەی قەرزی بانكی كشتوكاڵ بۆ ماوەی ساڵێكی تر دوا بخرێت و بخرێتە ساڵی 2019 و ئەمساڵ وەرنەگیرێتەوە.
دەباغ وتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە وەرگرتنەوەی قەرزی كشتوكاڵی لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان بخرێتە ساڵی 2019 و ئەمساڵ وەرنەگیرێتەوە كە پێشتر بڕیار بوو ئەمساڵ وەربگیرێتەوە.
دوو ڕۆژی ڕابردوو بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كراوە، رەزامەندی دراوە لەسەر دواخستنی قەرزی بانكی كشتوكاڵی بۆ ساڵی 2019 بۆ ئەو جووتیارانەی كە قەرزیان وەرگرتووە.
لە ساڵی 2013 بۆ ساڵی 2015 حكوومەتی هەرێمی كوردستان قەرزی بە جووتیارانی هەرێمی كوردستان دا بەمەبەستی باشتركردنی بواری كشتوكاڵ و بەرهەمی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە دوا دەخرێت.