بڕیارە لە ساڵی داھاتوودا قەرزێکی ٧٥ ملیۆن دیناری بدرێت بدرێتە فەرمانبەران و ھاووڵاتییان بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان. پەرلەمانتارێکی لیژنەی داراییش ئاشکرای دەکات، ئەو قەرزە ھەرێمی کوردسانیش دەگرێتەوە.
ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، قەرزەکەی بانکی رافیدەین ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، وتیشی: «ئەو ٧٥ ملیۆن دینارەی لە ساڵی داھاتوودا وەکوو قەرز دەدرێتە ھاووڵاتییان و فەرمانبەران بۆ کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، ئەو قەرزە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە».
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو قەرزەی دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونە، وتی: «بەپێی مەرجەکان، ئەوەی دەیەوێت قەرزەکە وەربگرێت، دەبێت تەمەنی زیاتر لە ١٨ ساڵ و بەرەوژوور بێت و زەویی بەناو بێت و بۆ ماوەی ١٥ ساڵ قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، ھەروەھا پێویستی بە کەفیلێک ھەیە کەوا فەرمانبەر بێت».
ئاشکراشی کرد، بەپێی بانکی رافیدەین، وێڕای فەرمانبەران، خانەنشینانیش دەتوانن لەو قەرزە سوودمەند بن.
بانکی رافیدەین جەختی کردووەتەوە، ھەر کەسێک خاوەنی رەگەزنامە و پێناسی عێراقی بێت، لە ھەر پارێزگایەک دەتوانێت لەو قەرزە سوودمەند بێت.
شێروان ئەنوەر مستەفا، سەرۆکی ھاوبەندیی بانکە ئەھلییەکان لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند: ”لە ساڵی ٢٠١٩دا زۆر پلانی دارایی و بانکی ھەیە، ھەرێمی کوردستانیش خراوەتە ئەو چوارچێوەیە، بەتایبەت لە پێدانی قەرزی جۆراوجۆر لە لایەن بانکە عێراقییەکان».
جەختیشی کردەوە، پاش کردنەوەی لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە ھەولێر، زۆر کێشەی بانکی ھەبوو لەنێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرەو چارەسەر دەڕۆن، وتیشی: «ئێستا مامەڵەی بانکیی نێوان ھەولێر و بەغدا زۆر بەرەوپێش چووە، ئومێدی زۆر ھەیە ئەو قەرزانەی لە بەغدا دەدرێن کوردستانیش بگرێتەوە».
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، پێشتر چەند جارێک ھەوڵیان داوە کە بانکەکانی رەشید و رافیدەین لقیان لە ھەولێر و سلێمانیدا ھەبێت، تاوەکوو ھاووڵاتییانی ھەرێم لەو پێشینانە سوودمەند بن، کە بە ھاووڵاتییانی پارێزگاکانی خوارووی عێراقی دەدەن، وتی: «ئەو دوو بانکە ماددەکانی دەستووریان بەرامبەر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان پێشێل کردووە، بۆیە دەبێت ئەو پێشێلکارییە کۆتایی بێت».