یه‌كه‌مین سوپه‌رماركێتی سه‌رئاو له‌ دوبه‌یه‌

 
له‌ میرنشینی دوبه‌ی یه‌كه‌مین سوپه‌ر ماركێتی سه‌رئاو كرایه‌وه‌ و 6 ڕۆژی هه‌فته‌ له‌ خزمه‌ت گه‌شتیاراندایه‌.

ئه‌و سوپه‌رماركێته‌ سه‌ر ئاوە كه‌ ناوی (Carrefour Bites and More by the Shore)ه‌، پێداویستی گه‌شتیاران و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات كه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی وه‌رزشه‌ ئاوییه‌كان ده‌چنه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و سوپه‌رماركێته‌كه‌ش نزیكه‌ له‌هه‌رسێ هاوینه‌هه‌واری به‌ناوبانگی سه‌ركه‌ناری (كایت بیچ و جه‌میرا و الصفوح).

ئه‌و سوپه‌رماركێته‌ 300 جۆر كاڵای تێدایه‌ كه‌ زۆرتر ئه‌و پێداویستیانه‌یه‌ كه‌ گه‌شتیاران پێویستیان ده‌بێت و چه‌ند كافتریایه‌كیشی تێدایه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خوارده‌مه‌نیه‌ خێراكان، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكیش سه‌ردانی ئه‌و سوپه‌رماركێته‌ سه‌رئاوه‌ بكات پێویسته‌ به‌مه‌له‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ سوپه‌رماركێته‌كه‌.

هه‌ر له‌و شوێنه‌دا هێڵێكی ته‌له‌فۆنی گه‌رم هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داخوازیی كڕیاران وه‌رگرێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ ناو یه‌خت و به‌له‌مه‌كاندان وله‌و كاته‌دا داواكانیان به‌ شێوه‌ی دلیڤه‌ریی بۆ ده‌برێته‌ شوێنی مه‌به‌ست، كه‌ زۆرجار كرێكاره‌كانی دلیڤه‌ریی به‌ ماتۆڕسكیلی ناو ئاو داواكارییه‌كان ده‌گه‌یه‌نن.