ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدهگهیهنێت ”له راپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پشکی ھەرێمی کوردستان رێژەی ١٤ لەسەد دەبێت نەوەک ١٢،٦٧ وەکو لە رەشنووسی بوودجەی ٢٠١٩ی عێراق دیاریکراوە”.
مەیادە نەجار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی تیشک دەخاتە سەر رەشنووسی بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ و لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت “ئەوەی تاوەکو ئێستا کاری لەسەرکراوە لە لایەن نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و وزەیرەکان بۆ ئەوەیە بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان زیادبکرێت کە ئێستا رێژەی ١٢ لەسەددایە، ئەو راپۆرتەی کە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدڕاڵ پێشکەشیکردووە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئیستیحقاقی ھەرێمی کوردستان رێژەی ١٤ لەسەدە نەوەک ١٢ لەسەد، بۆیە بەڕێز وەزیری دارایی، دکتۆر فوئاد حوسێن و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاردەکەین بۆ ئەوەی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ رێژەی ١٧ لەسەدی جارانی، ئەگەر بێنە سەر راستی و سەرژمێرییەک لەسەرتاسەری عێراق بکەین ئەوا دەردەکەوێت کە ئیستیحقاقی ھەرێمی کوردستان لە بوودجە سەروو رێژەی ١٧ لەسەدیش دەبێت”.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پەرلەمانتارەی سەربە فراکسیۆنی پارتی روونی دەکاتە رەشنووسەکە رەتکراوەتەوە، چونکە تێبینی پەرلەمانتارانی پارێزگاکانی دیکەشی لەسەر بووە، بەتایبەت بەسرە و نەینەوا و ژمارەیەک پارێزگای دیکەش، ئەو لەوبارەیەوە دەڵێت “نەوەک تەنھا ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشکی ھەرێمی کوردستان ناڕازیی بووین لەسەر پڕۆژە بوودجەی ٢٠١٩ی عێراق، بەڵکو ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارێزگاکانی دیکەش گلەییان هەیە لەسەر پڕۆژەکە بۆیە داوامان کرد بگەڕێندرێتەوە بۆ حکوومەت، بەڵام حکوومەت گوتی کاتیان کەم بەدەستەوەیە، ئەوەبوو لێژنەیەکمان پێکھێنا کە نوێنەری حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵی تیادایە لەگەڵ لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی بەھاوسەنگی بەشە بوودجەی پارێزگاکان بەڕێکی و ھاوسەنگی دابەش بکرێت و دەستکاریی کەموکوڕییەکانی بوودجە بەگشتی بکرێت، ئێمەش لە لای خۆمانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە ١٢ لەسەدەوە بکرێت بە ١٧ لەسەد”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە نایەکسانییەکی زۆر و نادادی لە بوودجەی پارێزگاکان ھەیە، جگە لە ھەرێمی کوردستان پشکی چەندین پارێزگای دیکە لە پڕۆژە بوودجەی ٢٠١٩ی عێراق کەمە و دەبێت زیادبکرێن لەنێویاندا پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە.
مەیادە نەجار راشیگەیاند “تاوەکو ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەو ٤٧ خاڵەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بەردەوامی ھەیە”.