سەركونسوڵی ئێران لەسلێمانی رایدەگەیەنێت ”ساڵانە بە بەهای 3 ملیار دۆلار كاڵای نانەوتی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هەناردە دەكرێتو رۆژانەش هەزار هاوڵاتی هەرێمو عیراق سەردانی ئێران دەكەن”.
سەعدوڵا مەسعودیان سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ”رێژەی لەسەدا 30 كۆی هەناردەی وڵاتەكەی كە بۆ عیراق هەناردە دەكرێت بۆ هەرێمی كوردستانە، ئەوەش وایكردووە بازرگانان بەردەوامبن لەپەیوەندیە ئابووریو بازرگانیەكان لەگەڵ ئێراندا”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ساڵانە بە بەهای 3 ملیار دۆلار كاڵای نانەوتی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هەناردە دەكرێت، تەئكیدیش دەكاتەوە كە كاڵای وڵاتەكەی گرنگی زۆری بۆ هەرێم هەیە، بۆیە ئەگەر بازرگانان بیانەوێت جێگرەوەیەك بۆ كاڵای ئێرانی بدۆزنەوە ئەوا دەبێت بڕە پارەیەكی زیاتر خەرج بكەن.
سەبارەت بەهاتوچۆی گەشتیارانیش سەعدوڵا مەسعودیان وتی: ”لە ئێستادا كونسوڵخانەكانیان رۆژانە هەزار ڤیزا دەدەنە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانو عیراق، لە وەرزی رابردووشدا رۆژانە 5 هەزار ڤیزایان داوەتە هاوڵاتیانو لەو ماوەیدا زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی گەشتیان بۆ ئێران كردووە، كە زیاتر لە 500 هەزاریان لە هەرێمی كوردستانەوە بووە”.