پارێزگاری سنە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامەکانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و رایگەیاند، بە لابردنی ئاستەنگەکان تاوەکو مانگێکی دیکە سنووری سەیرانبەندی بانە دەکرێتەوە. هەروەها وتی، بە دروستکردنی رێگەی سنووری باشماخ، ماوەی رێگەی نێوان سنە و سلێمانی دەبێتە دوو کاژێر و نیو.
بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا لەبارەی سەردانە دوو رۆژەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی وتی: “کردنەوەی سنووری سەیرانبەند گرنگترین مژاری گفتوگۆ بووە لەو سەردانەدا بۆ سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کێشەکان خەریکە چارەسەردەکرێن و ئەو ئاستەنگانەی لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە لەسەر ئەو سنوورە دروستبووە بە هاوکاریی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لادەبرێن، بڕیاردار هەفتەی داهاتوو دوو کەس لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو سنوورە بکەن بۆ ئەوەی هەماهەنگییەکان یەکلایی بێتەوە و لە ماوەی مانگی داهاتوودا سنوورەکە بکرێتەوە”.
مورادنیا بە ئاماژەدان بەو لێکتێگەیشتنانەی لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی واژۆکراون کە شاندێکی بازرگانی و ئابووری پارێزگای سنەشی لەگەڵدا بووە و لەسەر بانگهێشتی فەرمی هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی سەردانی ئەو پارێزگایەیان کردووە وتی: “لەو لێکتێگەیشتنانەدا چەند پرسێک باسکرا وەک کێشەکانی سنووری باشماخ و ستانداردەکانی ناردن و هاوردەکردنی کاڵا. شەش لیژنەی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان وەک کێشەکانی سنووری باشماخ و هەروەها پرسەکانی پەیوەندیدار بە سەرمایەگوزاری سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان لە ئێران و سەرمایەدارانی ئێران لە هەرێمی کوردستان دروستکران”.
پارێزگاری سنە دروستکردنی ژێرخانەکانی بە یەکێکی دیکە لەو پرسانە ناوبرد کە لەو سەردانەدا باسی لێوەکراوە وەک رێگاوبان و وتی: “رێگەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە چوار ساید پلانی بۆ دانراوە و ئێمەش ئەو رێگایە ئامادەدەکەین، کە لە ئەنجامدا ماوەی نێوان سلێمانی تاوەکو شاری سنە بۆ دوو کاژێر و نیو کەمدەبێتەوە”.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە لەسەردانی شاندە ئابوورییەکەی پارێزگای سنە بۆ پارێزگای سلێمانی باسی لێوەکراوە دروستکردنی شارە پیشەسازییەکانە، پارێزگاری سنە وتی: “دروستکردنی شارە پیشەسازییەکان لە شارە سنوورییەکانی مەریوان، بانە و سەقز یەکێک بووە لەو پرسانە لەو سەردانەدا گفتوگۆی لەسەرکراوە و بڕیاردرا پارێزگای سنە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکات لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە بۆ ئەوەی بە دروستکردنی ئەو شارە پیشەسازییانە، سەرمایەدارانی هەردوولا کەڵک لەو ئیمکانیاتانە وەربگرن، ئەوەش جگە لە گەشەسەندنی ئابووری، کۆتایی بە کۆڵبەریش دەهێنێت”.