بانكی ناوەندی بە بڕی ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلار پشتگیری پڕۆژەی بچووك و مامناوەند دەكات

دوای بڵاوبوونەوەی ئاماری بێكاری و هەژاری، بانكی ناوەندی بڕیاری دەستپێشخەری پشتگیری  پڕۆژەی بچووك و مامناوەندی بە بڕی ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلار راگەیاند. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، دەستپێشخەرییەكە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و داوایش لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم دەكات كار بكەن بۆ كردنەوەی لقی بانكی ناوەندی.

بانكی ناوەندی عێراقی بڕیاری گەورەترین دەستپێشخەری بۆ كۆمەك و پشتگیری لە پڕۆژەی بچووك و مامناوەند راگەیاند كە بڕەكەی ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلارە و پێشتر لە مێژووی عێراقدا وەها دەستپێشخەرییەك نەبووە.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكە، بۆ پڕۆژەی بچووك 40 ملیۆن دینار و بۆ پڕۆژەی مامناوەند 80 ملیۆن دینار دەستنیشان كراوە، بەپرسێكی بانكەكەیش وردەكاری پێدان و وەرگرتنەكەی ئاشكرا دەكات كە ئەولەویەت بۆ دەرچووانی زانكۆكانە كە بێ كارن و لە هیچ فەرمانگەیەكی حكوومەتدا دانەمەزراون، بەتایبەت دەرچووانی ناوچە زیان لێكەوتووەكانی دەستی داعش.

بەرپرسەكەی بانكی ناوەندی كە نەیستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە “عەرەبی جەدید”ی راگەیاندووە، كە چەند لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ پەلە كردن لە پێدان ئەو قەرزە لە ماوەیەكی زۆر كورت دا.

ئەوەشی خستەڕوو جگە لە دەرچووانی زانكۆكان ئەوا خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و بێوەژنان و كەسوكاری قوربانیانی شەڕی تیرۆر دێت، دوای ئەوانیش خاوەنی ئەو پڕۆژانە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی قەرزەكە كە كەسەكە پڕۆژەی هەبووە، بەڵام بەهۆی ئۆپراسیۆنی سەربازییەوە پڕۆژەكەی پەكی كەوتووە.

لە بارەی چۆنیەتی وەرگرتنی قەرزەكەش، روونی كردەوە ئەو كەسە دەبێت پڕۆژەیەكی بە تەواوی ئامادە كردبێت و جەدوای ئابووری بۆ كردبێت و دەستنیشانی ئەوە بكات كە پڕۆژەكەی قازانج دەكات، بە دیوێكی تر هەموو ئەو پێویستیانە پێویستە بۆ پێشكەش كردنی پڕۆژەیەكی نوێ، دواتر لیژنەی تایبەتمەند و پسپۆڕ دیراسەی پڕۆژەكە دەكەن، یان ئەوەتا رەزامەندی لەسەر دەردەبڕن یانیش داوا دەكەن هەموواری بكەن، تەنانەت رەنگە پێشنیاریش بەو كەسە بدەن كە پڕۆژەی تر ئامادە بكات ئەگەر هاتوو كۆك بوون لەسەر ئەوەی ئەو كەسە شایانی ئەوەیە پشتگیری لێ بكرێت. 

ئەو بەرپرسەی هێمای بۆ ئەوە كرد بەرپرسانی بانكی ناوەندی دیراسەی ئەوە دەكەن كە سوو لەسەر پێدانی ئەو قەرزە دانەنێن، ئەگەریش هەر ناچار بن سووی بخەنەسەر ئەوا بڕێكی زۆر كەم بێت.

” ئێستە بانكی ناوەندی لە هەوڵی هاوئاهەنگی دایە لەگەڵ بانكەكانی تر بۆ ئەوەی بەشداریان پێ بكات لە پێدانی قەرزەكە بەوانەی پڕۆژە پێشكەش دەكەن”.

ئەو هەوڵەی بانكی ناوەندی لە كاتێكدایە لە دوای 2014 و هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، وایكرد حكوومەت هەزاران پڕۆژەی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری رابگرێت، تەنانەت سیاسەتی تەقەشوفیش بگرێتەبەر بەهۆی تەنگژەی دارایی و خەرجییەكان شەڕی دژ بە داعش، جگە لەمە هەزاران وەبەرهێنی بیانی عێراقیان جێهێشت. 

هاوكاتی راگەیاندنی قەرزی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند، هەفتەی رابردوو وەزارەتی پلاندانان لە راپۆرتێكدا رای گەیاند كە رێژەی هەژاری لە شارەكانی كە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون بۆ 41% بەرز بووەتەوە كە پێشتر كەمتر لە 20% بوو. جگە لەمە رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی باشووری عێراق 31.5%ەو لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و بەغدا و كوردستان رێژەكان جیاوازن.

بانكی ناوەندی لە راگەیاندنی پێدانی قەرز بۆ پڕۆژەی بچووك و مامناوەند بە هیچ شێوەیەك باسی لە هەرێمی كوردستان نەكردووە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  ئاماژەی بەوەدا كە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق قسەیان كردووە، ئەویش ئاماژەی بەوە داوە بەهۆی نەبوونی لقی بانكی ناوەندی لە كوردستان، پڕۆژەی قەرزی بچووك و مامناوەند هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە. هێمای بۆ ئەوەش كرد كە قەرزێكی تریش هەیە بڕەكەی 75 ملیۆن دینارە كە بانكی ناوەندی دەیدات، ئەویش هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە داوای لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كرد كە لەگەڵ بانكی ناوەندی قسە بكەن بۆ كردنەوەی لقی بانكەكە لە كوردستان تا خەڵكی كوردستانیش سوودمەند بن، ئەخنەی ئەوەیشی لە بەرپرسانی كوردستانی گرت كە “تەنیا بۆ پرسی پۆست سەردانی بەغدا دەكەن، ئەمەش گرنگە بۆ خەڵكی كوردستان و پێویستە لقی ئەو بانكە هەبێت تا هاوڵاتیانی كوردستانیش سوودمەند بن لێی”.

راگەیاندنی ئەو پڕۆژەیەی بانكی ناوەندی لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە لێوان لێوە لە گەندەڵی و لە ریزبەندی وڵاتانی هەرە لە پێشە، لەیس عەبدوڵلا جابری شارەزای ئابووری ترسی خۆی ناشارێتەوە لەوەی گەندەڵی رۆبچێتە ناو جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە و كەسانی نا شایستە لە رێگەی كڕین و فرۆشتن پێ كردن بە پڕۆژەی نووسراوی ئامادە كراو، سوودمەند بن لە وەرگرتنی دەرماڵەی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند.

ئەو شارەزا ئابوورییە داوای كرد پێوست دەكات رێوشوێنی توند بگیردرێتەبەر بۆ پێدانی پارەكە تا بگات بە كەسانی شایستە، بۆیە دەبێت تیمێكی دەستەی دەستپاكی و چاودێران و پارێزەران چاودێری پڕۆسەكە بكەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا نزیكەی 60%ی پڕۆژەی بچووك لە عێراق بە تایبەت لە شارەكانی داعش داگیری كردن زیانی بەركەوەتووە، لە شارەكانی كەركووك، مووسڵ، ئەنبار، سەلاحەدین، دیالە، بەغدا و بابل زیاتر لە 10 هەزار پڕۆژەی بچووك پەكی كەوتووە كە بەهەر هەموویان زیاتر لە 200 هەزار كەس كاریان تێدا دەكرد.