لێكتێگەیشتنێكی نوێ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ دەكرێت و پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت: لەمەودوا ئەو تیمانەی بۆ چالاكی وەرزشی و كلتوری و رۆشنبیری لەهەرێمەوە سەردانی ئێران دەكەن، لە پێدانی پارەی ڤیزا دەبەخشرێن.
پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئامادەبوونی پاریزگاری كوردستان (سنە) و چەند پەرلەمانتارێكی ئەنجومەنی شورای ئەو وڵاتەو چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی پارێزگای سنە، كۆبوونەوە.
لەدوای كۆبوونەوەكەش د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: ئامانج لە كۆبوونەوەكە بۆ پێداچوونەوەی ئەو شەش لێتێگەشتنەبوو كە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە نێوان پارێزگای سلێمانی و پاریزگای كوردستان(سنە) واژۆكراوەو لێتێگەشتنی حەوتەم واژۆ بكەین بەپێی ئەو باردۆخە تازەیەی لە ناوچەكەدا هەیە.
وتیشی: «لەگەڵ ئێران سنورێكی بەرفراوانمان هەیەو چەندین مەرزی لاوەكیش هەیە لەئێستادا گفتوگۆیان لەسەر دەكەین تاوەكو بیانكەین بە مەرزی رەسمی و هاووڵاتیان بتوانن هاتووچۆی لێوە بكەن، بەمەش مەترسی لەسەر ژیانی كۆڵبەرەكان نامێنێت و دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی گوندەكانی ئەو ناوچانە، هەروەها كاراكردنی مەرزە نێودەوڵەتییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هەناردەو هاوردە لەنێوان هەردوولاداو لابردنی رێگرییەكان».
پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند: هەوڵ دەدەین ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پیشەسازی و كلتوری و رۆشنبیری و وەرزشی و كشتوكاڵی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئێران بەهێز بكەین و رێگرییەكانی بەردەم وەرگرتنی ڤیزاش لاببەین.
وتیشی: «لەسەر پێشنیازی ئێمە، كونسوڵخانەی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریاندا ئەو تیمانەی هەرێم كە بۆ چالاكی وەرزشی و كلتوری و رۆشنبیری، سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن، لە پێدانی پارەی ڤیزا دەبەخشرێن و لێیان وەرناگیرێت».