دوای دوو رۆژ مانەوەیان لە سلێمانی، وەفدی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان و پارێزگای سلێمانی حەوتەمین لێكتێگەیشتنی نێوانیان واژۆكرد، كە چەندین بوار دەگرێتەوەو بڕیاریشە كارئاسانی زیاتر بۆ یەكتر بكەن لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان و پیشەسازی.
ئەمە حەوتەمین لێكتێگەیشتنی نێوان سنە و سلێمانیە كە هەردو پارێزگارەكە واژۆیان كرد، ڕێكەوتنەكەش لەسەر ڕێكخستنی پەیوەندیە كارگێڕییەكانە لە بوارەكانی زانكۆكان و بازرگانی و كشتوكاڵ و پیشەسازی و تەندروستی.
ماوەی دوو ڕۆژ شاندێكی باڵای سنە لەسلێمانی بون كۆنفراسێكی ئابوری هاوبەش سازكراو تێیدا پێنج لیژنە دروستكران بۆ لێكۆڵینەوە لەكێشەو گرفتەكان ئەوانیش لیژنەكانی دەروازەو گومرگەكان و بازرگانی و وزەو كوالێتی كۆنترۆڵ و پیشەسازی، دوای كاری لیژنەكان لێكتێگەیشتنەكە واژۆكرا.
هەر لە چوارچێوەی گەشتەكەدا شاندەكەی سنە لەگەڵ وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی سلێمانی كۆبونەوەو بانگهێشتی سەرمایەدارانیان كرد بۆ ئەوەی لە ئێران وەبەرهێنان بكەن، لەبەرامبەریشدا پارێزگاری سلێمانی هەمان داوای لەسەرمایەدارانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد بۆ ئەوەی لە سلێمانی وەبەرهێنان بكەن. ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی زانستی لە نێوان زانكۆی سنەو زانكۆكانی سلێمانی یەكێكی تر بوو لە چالاكیەكان.
لەساڵی 2007وە ئەمە حەوتەمین لێكتێگەیشتنە لەنێوان سلێمانی و سنە واژۆبكرێت و بەرپرسانی هەردوو پارێزگاكە باسیان لەوەكرد، كارئاسانی بۆ هەموو كارێكی بازرگانی و پیشەسازی دەكەن و لەڕێكەوتنەكەشدا داواكراوە قەدەغەی سەر ئەو 12 جۆرە كەرەستەو كەلوپەل و كاڵایانە هەڵبگیرێت كە ئێران قەدەغەی خستونەتەسەر.