حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ لە حكومەتی فیدراڵی دەكاتو بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراقیش دەڵێت: ئەگەر مووچەی ئەو سێ مانگە بكەوێتە ساڵی نوێوە، بەهیچ شێوەیەك بەغدا ناینێرێتو دەفەوتێت.
پيشریش رێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەغدا لەمانگی 4ی 2018وە مانگانە 317ملیار دیناری رەوانەی هەرێم كردوە، واتە پارەی مانگەكانی یەكو دوو و سێی ئەمساڵ قەرزدارە، كە دەكاتە 951 ملیار دینار، وتیشی، بەنوسراوی ڕەسمی داوای مووچەی ئەو سێ مانگەیان لە بەغدا كردوە، بۆئەوەی لەگەڵ ئەو داهاتانەی لەبەردەستیاندایە مووچەی ئەو سێ مانگە بدەن بە فەرمانبەران.
لەو بارەیەوە د.فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندوە: پێویستە حكومەتی هەرێم لەماوەی 15 رۆژی داهاتوودا هەموو هەوڵەكانی خۆی بخاتەگەڕ، بۆئەوەی حكومەتی عیراق پێش كۆتایی ئەمساڵ، ئەو سێ مووچەیە رەوانەی هەرێم بكات، ئەگەرنا كەچووە ساڵی 2019وە بەغدا بەهیچ جۆرێك مووچەی ئەو سێ مانگە نادات، چونكە لەساڵی نوێوە مووچەی مانگی یەك دەدرێتو لەو ساڵەشدا مووچەی 12 مانگ دەدرێت بە هەرێمی كوردستان.
وتیشی: ئەگەر بەغدا ڕازی بێت بەناردنی ئەو سێ مانگە، بەشی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی هەرێم ناكات، بەڵام هەرێم دەتوانێت لەگەڵ ئەو داهاتەی لەبەردەستیدایە موچەی دوو مانگی پێبدات، ئەوەش تاكە چارەیە، ئەگەربێت و بچێتە ساڵی نوێوە، ئەوە ئەو پارەیە دەفەوتێتو بەغدا لەساڵی داهاتوودا ناینێرێت.