داهاتى نەوتى هەرێم لە سێ مانگدا زیاتر لە ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە

کۆمپانیاى دیلۆیت چوارەمین ڕاپۆرتى خۆى لەبارەى فرۆشى نەوتى هەرێم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داهاتى نەوتى هەرێم لە سێ مانگدا یەک ملیار و ٨٣٨ ملیۆن و ٨١٨ هەزار و ٥٥٥ دۆلار بووە.

کۆمپانیاى دیلۆیت بۆ وردبینى و ڕاوێژکارى لە ڕاپۆرتێکدا کە کۆى فرۆشى نەوتى هەریەکە لە مانگەکانى نیسان و ئایار و تەموزى لەخۆگرتووە ئاشکرایکردووە، هەرێم بڕى ٣١ ملیۆن و ٤٢٦ هەزار و ١٤٤ بەرمیل نەوتى لەڕیگەى بۆرى و تانکەرەوە هەناردەکردووە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، دواى دەرکردنى ڕسومات و شایستە داراییەکانى کۆمپانیاکانى بوارى دەرهێنانى نەوت، بڕى یەک ملیارو ٣٠٩ ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٩٠٦ دۆلار سافى بۆ حکومەتى هەرێم ماوەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، نرخى یەک بەرمیل نەوت بە تێکڕایى لەو سێ مانگەدا ٦٢ دۆلارى ئەمریکى بووە و، بەپێى ڕاپۆرتەکەش تێکڕاى بەرهەمهێنانى نەوت لە مانگى نیسانەوە بە شێوەیەکى بەردەوام بەرزبووەتەوە تا کۆتایى حوزەیران.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، حکومەتی هەرێمیش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەموو هاوکاری و کارئاسانییەک لەو ڕووەوە.