هەرێم و ئێران لەبواری خوێندنی باڵا رێككەوتنێك ئیمزا دەكەن

بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران رێكەوتنامەیەك لە بواری خوێندنی باڵا ئیمزا دەكەن .

 د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ پێشوازی لە مورتەزا عەبادی سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و وەفدێكی هاوڕێی هات.

 لە دیدارێكدا، كە د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەكان ئامادەیی بوو، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان: بەگرنگیەوە باسی لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و، كۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری خوێندنی باڵا كردو، وتیشی لە هەوڵەكانیشمان بۆ پەرەپیدانی پەیوەندییەكان بەردەوام دەبین.

هەر لەو دیدارەدا، مورتەزا عەبادی سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر، دوای ئەوەی سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد، خۆشحاڵی خۆشی پیشاندا، كە پەیوەندیەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچونی باشی بەخۆیەوە دیوە.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی بەردەوامیدان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان كرا، بۆ ئەوەش بڕیاردرا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ِێككەوتنامەیەك لەگەڵ زانكۆكانی ئێران ئیمزا بكات. 

هەروەك لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی كردنەوەی پیشانگەی تایبەتی ناساندنی تواناكانی زانكۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی كوردستان كرا، كە وا بڕیارە لەڕۆژانی داهاتودا بكرێتەوە.