كۆنسوڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی داوای لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان كرد سكاڵای یاسایی لە دژی ئەمریكا بەرز بكەنەوە.
سەعدوڵا مەسعودیان كۆنسوڵی گشتیی ئێران لە شاری سلێمانی لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی و زانكۆی كوردستان لە سنەدا، رایگەیاند كە گەمارۆی ئابووری سەر ئێران، بووەتە هۆی وەستانی كار و جوڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستانیش.
هەروەها وتی توندكردنی گەمارۆ ئابوورییەكان لەسەر ئێران، هاوكات زیان بەئێران و دراوسێكانی و هەمووان دەگەیەنێت.
مەسعودیان داوای لە ڕێكخراوەكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان كرد سكاڵای یاسایی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژی بڕیاری سزای ئەمریكا تۆمار بكەن، چونكە بووەتە هۆی ئەوەی جوڵەی بازرگانی و ئابووری لە هەرێمی كوردستانیش رابوەستێت.
هەروەها وتیشی كە رەنگە بەردەوامبوونی ئەم گەمارۆ ئابووری و سزایانەی ئەمریكا زیانی زۆرتری ئابووری لێ بكەوێتەوە و قووڵتر كار بكاتە سەر باری دارایی هەرێمی كوردستان.
جێی باسە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا زنجیرەیەك سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند و لە ڕێكەوتنامەی ئەتۆمیش لەگەڵ ئەم وڵاتەدا پاشگەز بووەتەوە، كە پێشتر لەلایەن باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە ئیمزا كرابوو.