پشكی كوردستان بە 14% لە بودجەی 2019ی عێراق جێگیر كرا

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، د. بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە پشكی كوردستان بە 14% لە بودجەی 2019ی عێراق جێگیر كرا.

لە بودجەی 2019 كە حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی پێش دەستبەكاربوونی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ئامادەی كردبوو، پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67% لە بودجەدا جێگیر كردبوو، بەڵام لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەت و پەرلەمانی عێراق كە ئەركیان پێداچوونەوەیە بە بودجەكە، پشكی كوردستانی بۆ 14% زیاد كرد.

د. بەشیر حەداد رایگەیاند كە حكوومەتی عێراق رەزامەندی نیشان داوە لەسەر زیادكردنی پشكی كوردستان بۆ 14%، ئەوەشی خستەڕوو ئەو هەنگاوە دوای هەوڵ و كۆشش لیستە كوردستانییەكان دێت لە پەرلەمانی عێراق، وتی “هەوڵەكان بەردەوامن تا پشكی كوردستان هێشتا زیاتر بكرێت بەتایبەت لە بودجەی سەروەری كە بڕیارە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و كەمئەندامانیش لەوێ جێگیر بكرێت”.

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، هێمای بۆ ئەوە كرد كە لە ماوەی نزیكی داهاتوودا بودجەی 2019 حكوومەت بۆ پەرلەمانی دەنێرێتەوە بە مەبەستی دەنگدان لەسەری.