له‌ سلێمانی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەرزبۆوە


ماوەیەكە نرخی تمەن بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ نرخی هەر دۆلارێك بە نۆ هەزار و 900 تمەن ئاڵوگۆڕ كرا.

لە ژێر كاریگەریی سزاكانی ئەمەریكا لە چەند مانگی رابردوو نرخی تمەن بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بە رێژەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كرد و  نرخی هەر دۆلارێك تا  نزیكەی 19 هەزار تمەن بەرز بووبووەوە.

ئەم بەرزبوونەوەیە ماوەیەكی كورتی خایاند و دواتر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك لە نێوان 14 هەزار تا 16 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرا و دوو هەفتەش دەبێت بۆ خوارووی 13 هەزار تمەن گۆڕانكاری بەسەردا هاتبوو.

ئه‌مرۆش له‌ سلێمانی بەشێوەیەكی چاوەڕوانەكراو نرخی تمەن لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەرزبۆوە، بەشێك لە كاسبكارانی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانیش، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی تمەن بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە بانكی ناوەندی ئێران دەیەوێت، نرخی دۆلاری ئەمریكی تا 750 هەزار تمەن دابەزێنێت و جێگیری بكات. 

بەرزبونەوەی نرخی تمەن لە كاتێكدایە، لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی گەمارۆ ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران نرخی تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.