بە ھۆی رێککەوتنی نێوان رێکخراوی ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی رووسیا لە بارەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا، بەرزبوویەوە و لەئێستادا، بە ٦٠ دۆلار و ٧٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
رۆژی ھەینی رابردوو وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی رووسیا گەیشتنە رێککەوتنێک کە بەپێی رێککەوتنەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩وە بۆ ماوەی شەش مانگ، ئاستی بەرھەمھێنان بە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم دەکەنەوە.
لە کاتژمێر ٠٧:٥٣ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا، بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و لەئێستادا، بە ٦٠ دۆلار و ٧٤ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەھەمانشێوە نرخی یەک بەرمیل خاوی ئەمریکا لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرزبوویەوە و بە ٥٢ دۆلار و ھەشت سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە میانی دوو مانگی رابردوودا بە ھۆی خستنەڕووی نەوتی زیاترەوە لە بازاڕەکان و سزاکانی سەر ئێران، ھەروەھا داواکاری ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان، نرخی خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا رووی لە ھەڵکشان و دابەزین کردبوو.
لە لێدوانێکدا، شارەزا لە پەیمانگەی ئۆکسفۆرد بۆ توێژنەوەکانی وزە، ئەندریاس ئەیکۆنۆمۆ رایگەیاند کە ئەگەری ھەیە دوای کۆتاییھاتنی رێککەوتنەکەی نێوان ئۆپێک و بەرھەمھێنەرانی سەربەخۆ لە ساڵی ٢٠١٩دا، نرخی خاوی برێنت روو لە دابەزین بکات.
ئەندریاس ئەیکۆنۆمۆ وتیشی: “مەترسییەکان لە بارەی ئاسۆی گەشەسەندنی جیھان و گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین ھۆکارن بۆ دابەزینی نرخی خاوی برێنت لە ساڵی ٢٠١٩دا”.