بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کێشەو گرفتە بازرگانیەکانی نێوان شاری سنەو سلێمانی، پارێزگاری ئوستانی کوردستانو شاندێکی یاوەری گەشتنە شاری سلێمانیو یەکەمین دیداری کاری ھاوبەشیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٢/١٠، لەکۆبونەوەکدا کە لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو پارێزگاری سلێمانیو سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانیو ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی سلێمانی بەشدارییان کرد. لەکۆبونەوەکەدا پاریزگاری سلێمانی ھەڤاڵ ئەبوبکر ڕایگەیاند “ئەمە بۆ حەوتەمین جارە کۆبونەوەی ھاوبەش لەگەڵ ئوستانی کوردستان ئەنجام دەدەین بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا”.
راشیگەیاند “لەم کۆبونەوەیەی ئەمجارەماندا شەش لیژنەمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی سەرجەم کێشەو بابەتە پەیوەندیدارەکان باسی لێوەبکرێتو پاشان پێکەوە دەیکەینە پرۆتۆکۆڵێکو واژۆی دەکەین، لەسەرجەم کێشەکانی سەرسنورو کاری مەرزەکانو چارەسەرکردنی کێشەی بارھەڵگرەکان و بەردەوامی کاری مەرزەکان بە ٢٤ کاتژمێری و کێشەی کۆڵبەرەکان چارەسەر بکرێت، هەروەها پەیوەندیە کلتوری و وەرزشی و مێژویەکان لەنێوان ھەردولادا بەهێز بکرێت”.
لای خۆشیەوە پارێزگاری ئوستانی کوردستان، بەھمەن موراد نیھا رایگەیاند “دەمانەوێت لەم سەردانەماندا بتوانین بەتەواوی لەو کێشانە بکۆڵینەوە کە بۆتە ھۆکاری
خاوبونەوەی کاری بازرگانی و مەرزەکان بۆیە ئێمە لەسەرجەم بوارەکاندا خەڵکی شارەکەمان ھێناوە لەبەڕێوەبەرایەتیەکان و بازرگانەکانیش تا بتوانین پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین و کارەکانمان خێراتر بێت”.
هەروەها سەركنسوڵی ئێران لەسلێمانی، ئاغای مەسعودیان رایگەیاند “ئێمە ھەمیشە لەگەڵ بەرپرسانی شاری سلێمانی ھەماھەنگیمان ھەبووە تا بتوانین پێکەوە کارەکان بەرەو باشتر بڕوات، ھەر کێشەیەکی بازرگانی ھەبوبێت پێکەوە ھەوڵی چارەسەرکردنمان داوە، ھەر بۆیە ئەم کۆبونەوانە گرنگی زیاتری دەبێت ئێمەش لەگەڵ ھەردولادا کاردەکەین بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی بازرگانی”.
راشیگەیاند “لەساڵی ٢٠١٧ کاری بازرگانی لەنێوان ھەردولادا ٣ ملیار دۆلار بووە، ئێمە دەمانەوێت بازرگانان لەم ئاستەدا نەمێننەوە بەڵکو لەئایندەدا ئەو ڕێژەیە بەرز بکەنەوە بیگەیەنن بە ٥ ملیار دۆلار کە لەئێستادا پەیوەندی مەرزەکان زۆر قوڵ بۆتەوە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندیەکانی نێوانمان”.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە کۆ بونەوەکەدا بە چەند خاڵێک کێشەکانیخستەڕوو.
1. خێراکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی هاوڵاتیان لە دەروازە سنورییەکان بەکەمترین کات. ئەمەش بە باشترکردنی کارەکانو زیاد کردنی ستاف ڕێکدەخرێت، لەئێستادا بەهۆی زیاد بوونی جوڵە بەتایبەتی جوڵەی هاوڵاتیان وای کردووە چەند کاتژمێرێک پێویست بێت بۆئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکانی پەڕینەوەی کەسێک لەدەروازەکەدا، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تر ئەو بارهەڵگرانەی چەند ڕۆژێک چاوەڕێ دەکەن بۆ پەڕینەوە بەتایبەتی باری ترانزێت و ئەو بارهەڵگرانەی بەرهەمی ناوخۆی ئێرانیان پێیە زۆر کات بەهۆی وەستان یسیستەمەوە لەدەروازەکاندا زۆر دوادەکەون بەتایبەتیش باری شیرەمەنی کە ڕێکەوتی بەسەرچوونیان نزیکە.
2. کەمکردنەوەی ڕۆتینو هەموو ئەو پارانەی وەردەگیرێن ئێستادا کۆمپانیایەک بەناوی (سبوک بارمیزان) لەدیوی ئێران بۆ هەربارێکی ترانزێت کە دێتە دەروازەی باشماخ بڕی50 $ وەردەگرێت، ئەو بارانەش کە لەئێرانەوە دێن بڕی 17.000 پانزە هەزار دیناروەردەگیرێت بەناوی مەنەفێسەوە، دوای بەدواداچوون ئەم بڕە پارانە لەدەروازەی ئیبراهیم خلیل وەرناگیرێت، ئەم کارەش لەگەلڕ پلانی گەشەو زیادکردنی جوڵەی بازرگانیدەروازەکاندا یەکناگرێتەوە.
3.کاربکرێت بۆ لابردنی ئەو پارەیەی لەئوتومبیلی بارهەڵگرو ئوتومبێلی تایبەتی بازرگانان و هاوڵاتیانی هەرێم وەردەگیرێت لەکاتی گەڕانەوەیان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانبەناوی فرقی نرخی سوتەمەنی، کە توانای خەزانەی بەنزینی ئوتومبیلەکە چەند بێت بۆهەر لیترێک لە بەنزین بڕی 4000 تمەن وەردەگیرێت.
4. کارئاسانی کردنی زیاتر بۆ ئوتەمبێلی بازرگانان و هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ئەو بڕەپارە زۆرەی لێیان وەردەگیرێت. لەکاتی پەڕینەوەیاندا بۆ وڵاتی بەرامبەر.
5.کاربکرێت بۆ لابردنی ئەو بڕە پارانەی لە بازرگانان و هاوڵاتیان وەردەگیرێت لەکاتی سەردانیان بۆ زیاتر لە جارێک لە ساڵێک بۆ هەرێمی کوردستان.
6. هەوڵبدەین بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو پڕۆتۆکۆلەی لەهەولێر واژۆمان کرد لەکۆنفرانسی (گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران)، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی هەیە بە(جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی ئازاد. دروستکردنی کۆمپانای گواستنەوەی هاوبەش (باری یەکسەر)
7. بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی لە دەروازەکاندا ڕوودەدات پێشنیار دەکەین کە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو پارێزگادا پێکبهێنرێت بەئەندامێتی هەردوو ژوورو بەڕێوەبەری دەروازەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ چارەسەری خێرای ئەو کێشانەی دروست دەبن تا کار نەکاتە سەر جوڵەی بازرگانی لەدەروازەکاندا.
شاندەکەی ئوستانی کوردستان – سنە پێکھاتووە لە پارێزگاری سنە و سەرۆکی ژووری بازرگانیو نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیەکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کوردی پەرلەمانی ئێران.