“ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان دوو مەتر بەرزبووەتەوە”

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی رایگەیاند، بە هۆی بەردەوامی باران بارین لە میانی ئەم چوار رۆژەی دواییدا بڕێكی زۆر ئاو گەیشتووەتە ناو بەنداوەكەوە.

رەحمان خانی راگەیاند “تەنها لە میانی ئەم چوار رۆژەی رابردوودا لە بەنداوی دەربەندیخان 180 ملم باران باریوە و كۆی گشتی باران بارینی ئەمساڵی گەیاندە 390 ملم، ئەوەش حاڵەتێكی دەگمەنە و تەنها ساڵی 2015 نەبێت لە میانی 60 ساڵی رابردوو بەنداوەكە باران بارینی وای بەخۆوە نەبینوە”.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی وتی: “ئاستی ئاوی بەنداوەكە زۆر زیادی كردووە و لە میانی سێ‌ رۆژدا، 108 ملیۆن مەترسێجا ئاو هاتووەتە بەنداوەكە، بەو هۆیەشەوە ئاستی ئاو یەك مەتر و 75 سم زیادی كردووە و بەردانەوەی ئاویش لەم رۆژانەدا، 45 ملیۆن مەترسێجا بووە، هەروەها بەرهەمهێنانی وزەی كارەباشمان زیادی كردووە و زیاتریشی دەكەین لەم رۆژانەدا”.

بە هۆی بوومەلەزەكەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، بەنداوەكە رووبەڕووی زیان و مەترسی بوویەوە، بەو هۆیەوە بڕێكی زۆر ئاوی بەنداوەكە بەردرایەوە.

رەحمان خانی لەو بارەیەوە وتی: “بە هۆی كێشەكانی بوومەلەرزەكەوە ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوەكەمان دابەزاند و نزیكەی 15 مەتركەمتر لە ئاستی خۆی ئاو گل دەدەینەوە، ئەوەش وای كردووە ئەمساڵ توانای وەرگرتنی بڕێكی باش ئاومان هەبێت و مەترسی ئەوتۆ لەسەر بەنداوەكە دروست نەكات”.

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی باسی لەوەش كرد، كاركردن بۆ چاكسازی لە بەنداوەكە و نۆژەنكردنەوەی و چاككردنەوەی ئەو زیانانەی بە هۆی بوومەلەرزەوە پێی گەیشتووە دەستیپێكردووە و بەشێكی تەواوبوون، ئەوەی ماوەی پێویستی بە كۆمپانیای راوێژكاری بیانی هەیە و حكوومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان لە گفتوگۆدایە.

بەنداوی دەربەندیخان دەكەوێتە قەزای دەربەندیخان بە دووری 66 كلم باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی، ئەم بەنداوە لە ساڵی 1961 دروستكراوە و توانای گلدانەوەی دوو ملیار و 600 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە.